رووداو-هەولێر
کێشەی کەمیی بەنزین لە مهاباد سەریهەڵداوە و زۆربەی بەنزینخانەکانی ئەو شارە بەنزینیان نەماوە.
لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 19-08-2022ـەوە، پێنج بەنزینخانەی نێوشاری مهاباد داخران و تەنیا لە دوو بەنزینخانە بەنزین دابەش دەکرا؛ بەو هۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم ئەو دوو بەنزینخانەیە دروستبوو.
جەواد فەیز حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمەکانی نەوتی ناوچەی میاندواو، بوونی کێشەی بەنزینی لە مهاباد و چەند شوێنی دیکەی پارێزگای ورمێ پشتڕاستکردەوە و بە میدیای فەرمیی حکومەتی راگەیاند، بەکارهێنانی بەنزین لە 25 پارێزگا، لەنێویاندا پارێزگای ورمێ، زیادیکردووە و پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی هاوین ئەو کێشەیە بەردەوام بێت.
جەواد فەیز حوسێنی گوتی، وێستگەی میاندواو لە کۆتایی بۆری دابەشکردنی سووتەمەنی ئێراندایە و لەوانەیە کێشەکە لە رۆژانی داهاتوودا لەو شارانە زیاتر بێت کە لەڕێگەی میاندواوەوە بەنزینیان پێدەگات.
جگە لە کەمیی بەنزین، بەگوتەی فەیز حوسێنی، 35 تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنیش لە هێڵی گواستنەوەی سووتەمەنیی باشووری پارێزگای ورمێدا نەماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ