رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنێت، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە بڕگەیەکى پشکى هەرێمى کوردستان کردووە کە تایبەتە بە داهاتەکەى و بەهۆیەوە گۆڕانکارى لە بڕى پشکەکەى بە ئاراستەی زیادبوون، روودەدات.
رۆژی 19ـی ئایارى 2023 جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: ئەنجوومەنى وەزیران گۆڕانکارى لە بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کردووە و دەستەواژەیەکى لابردووە کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان "نابێت زیاتر بێت" لە داهاتى نەوتى داهاتى دەروازە سنوورییەکان.
جەمال کۆچەر ئاماژەى بەوەدا کە لە گۆڕانکارییەکەى ئەنجوومەنى وەزیراندا دەستەواژەی "نابێت زیاتر بێت" لادراوە.
بەگوێرەى ئەو بڕگەیە کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبووە ئەگەر نرخى نەوت بەرزبێتەوە و داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان زیادبکات، پشکى هەرێمى کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا نایێت، لە کاتێکدا پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساکە کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق نرخى خەمڵێندراوى نەوت بە 70 دۆلار دیاریکراوە و لە 14ـى ئایار تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن نرخى یەک بەرمیل نەوت بگاتە 83 دۆلار.
ئێستا لەدوای ئەو گۆڕانکارییە و بەلادانی دەستەواژەی "نابێت زیاتر بێت،" ئەگەر نرخى نەوت بەرزببێتەوە، پشکى هەرێمى کوردستانیش زیاد دەکات.
ئەو گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەرقاڵى دەنگدانە بە ماددەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەر لە ئامادەکردنى بۆ دەنگدان لە پەرلەمانى عێراق.
10 پەرلەمانتارى عێراق پێشنیازێکیان پێشکێش کردووە بۆ گۆڕانکارى لە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، لەوانە بڕگەى فرۆشتنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى سۆمۆ. لە ئەگەری دروستبوونى کێشە لە نێوانیان، ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان رابگیرێت و هەولێر و بەغدا بگەڕێنەوە بۆ بڕیارى دادگەى فیدراڵى.
جەمال کوچەر ئاماژەی بەوەشکرد، "گۆڕانکارییەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لەنێو لیژنەى دارایی دەخرێتە دەنگدانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ