رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین لە یەک رۆژدا زیاتر لە هەزار دۆلار دابەزی، بەمەش نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە خوار 30 هەزار دۆلار. هۆکاری سەرەکیش ترسە لە زیادکردنی سوودی بانکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڵاوسان لە بەریتانیا لە سەروو 10٪ مایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 19-04-2023، نرخی بیتکۆین 4.5٪ دابەزی و هەر بیتکۆینێک بە 29 هەزار و 230 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەمەش تەنیا ئەمڕۆ هەزار و 230 دۆلار نرخەکەی دابەزیوە.
دابەزینی ئەمڕۆی بیتکۆین لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی دراوە دیجیتاڵییەکە 80٪ بەرزبووەتەوە، هەفتەی رابردووش نرخەکەی بۆ سەروو 30 هەزار دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاست لە 10 مانگی رابردوودا.
بە تێپەڕاندنی 30 هەزار دۆلار، بیتکۆین بەربەستێکی سایکۆلۆژیی شکاند و بەهۆی پێشبینییەکانی کۆتاییهێنان بە زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی، پێشبینی دەکرا نرخی بیتکۆین زیاتر بەرزببێتەوە.
بەڵام بەپێی فادی ئەبوالفا، بەرپرسی توێژینەوە لە کۆمپانیای کۆپەر کە تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییەکان، "پێناچێت ئاماژەکانی ئەم دواییەی زیادکردنی رێژەی سوود، ئاراستەی بەرزبوونەوەی دراوە دیجیتاڵییەکان لەمساڵدا رابگرن".
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "وەبەرهێنەرانی درێژخایەن پارەیەکی کەم دەخەنە نێو بازرگانییە کورتخایەنەکان، ئەوەش ئاماژەیە بە متمانەی ئەو وەبەرهێنەرانە بە بەرزبوونەوەی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ