وەزارەتى دارایی عێراق: بەمەبەست واماننەکردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە بەمەبەست وایکردبێت مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دوابکەوێت، بوونى "کێشە لە تەرازووى پێداچوونەوە لە هەرێمی کوردستان" بە هۆکار دەزانێت بۆ دواکەوتنەکە و جەختیش دەکاتەوە لەوەی؛ پابەندن بە پارەدارکردنى مووچە.
 
18ـی کانوونى دووەمى 2024 وەزارەتى دارایی عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى دواکەوتنى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.
   
وەزارەتى دارایی رایگەیاندووە بە مەبەست وایاننەکردووە مووچەى فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دوابکەوێت و ئەو دەنگۆیانەى لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن. 
 
لە روونکردنەوەکەدا وەزارەتەکە جەختى لە تەواوى پابەندبوونەکانى کردووەتەوە بە پابەندییە داراییەکانى، بەگوێرەى یاسا و رێوشوێنە کاراکان، بەبێ "هیچ کەمتەرخەمییەک." 
 
وەزارەتى دارایی عێراق تاوەکو ئێستا دوو گوژمە پارەى بۆ مووچەى مانگەکانى 10 و 11ـی هەرێمى کوردستان ناردووە، بەڵام بە هەردووکیان نزیکەى 500 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، بڕیارە لە رێگەى گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینار ئەو کورتهێنانە پڕبکرێتەوە. 
 
وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژەى بەوە داوە، پارەى هەردوو مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەمى ئەمساڵی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان ناردووە، بەگوێرەى ئەو پێودانگانەى پەیڕەو دەکرێت لە رووى پارەى تەرخانکراو، بەگوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى کە دەڵێت پێویستە پابەند بن بە دابەشکردنى مووچە لە وادەى خۆیدا.
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "بەڵام هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە  میکانیزمەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە پارەدارکردن، بەهۆى بوونى کێشە لە تەرازووى پێداچوونەوەیان، کە بووەتە هۆى دواکەوتنى خەرجکردنى مووچە." 
 
شاندێکى وەزارەتى دارایی عێراق لە هەرێمى کوردستانن بۆ ئەوەى لەگەڵ وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان تاوتوێى ئەو کێشانە بکەن، کە لە تەرازووى پێداچوونەوە هەبوون و تایبەتن بە تۆمارى خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان. 
 
وەزارەتى دارایی جەختى لەوە کردووەتەوە؛ لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەرێمى کوردستان سەبارەت بە مووچە لە رێگەى کۆبوونەوەى خولیى لەگەڵ وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان و پابەندن بە پارەدارکردنى مووچە بەگوێرەى چوارچێوە یاسایی و کاتییە کارپێکراوەکان. 
 
17ـی کانوونى یەکەمى 2024، دابەشکردنى مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا دیار نییە مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم کەی دابەش دەکرێن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی ئەربیل هیڵز

ئەربیل هیڵز لە بەغدا ناسێندرا؛ 'زۆر جیاوازە لە پڕۆژەکانی دیکە'

لە پڕۆژەکەدا کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتریی هەولێر، 14 دەریاچە و 18 گۆڕەپانی گۆڵفی تێدایە، یەکەکانی ئەو پڕۆژەیە زۆربەیان ڤێلا و کۆشکن کە دیمەنێکی تەواو جیاوازیان بە پڕۆژەکە بەخشیوە.