بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە "بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند"

18-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە نزیکەی 150 هەزار دینار. ئاڵوگارکارێکی دراویش دەڵێت، هۆکارەکەی "بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-3-2024، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
وەک حاجی سابیر دەڵێت، لە مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بووە و 100 دۆلار تاوەکو 149 هەزار و 300 دیناریش دابەزی، بەڵام لەکاتی داخستندا نرخی دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 149 هەزار و 950 دینار".
 
هاوکات، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بە 149 هەزار و 700 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 149 هەزار و 900 دینار بووە".
 
وەک رەوەز میرزا دەڵێت، لە مامەڵەکانی رۆژدا سەرەتا نرخی دینار لە بەرزبوونەوەدا بوو و، 100 دۆلار تا ئاستی 149 هەزار و 500 دیناریش مامەڵەی پێوەکراوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی بەهای دینار، رەوەز میرزا دەڵێت، ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان (بایکۆتی هەڵبژاردن) هۆکاری دابەزینی نرخی دینار بووە لە مامەڵەکانی ئەمڕۆی پێش کاتی داخستنی بازاڕدا، چونکە بازاڕ ترسی لە دروستبوونی ناکۆکی و گرژیی سیاسی هەیە. دەشڵێن، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر دۆخی سیاسی دەوەستێت.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی (دووشەممە، 18-3-2024) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین.''  
 
ئەمە لەکاتێکدایە لە دوای دەستپێکی مانگی پیرۆزی رەمەزان و بەتایبەتیش لە رۆژی دووەمەوە، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، لە دوو رۆژی رابردووشدا 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رەوەز جەزا بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی نرخی دینار بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە؛ کەمبوونەوەی مامەڵە بەهۆی مانگی رەمەزان، زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 242 ملیۆن و 670 هەزار و 680 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە، 221 ملیۆن و 850 هەزار و 680 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و، 20 ملیۆن و 820 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی کاش بووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە