شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق نەگەیشتنە رێککەوتن

17-08-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن بودجە بودجەی 2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

داهاتى نانەوتى و شێواز و بڕى رادەستکردنى، کە بەشێکە لە پرۆسەى ناردنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان، ناکۆکى لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى دروستکردووە، بۆیە لە کۆبوونەوەکانی دوو رۆژی رابردوویاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن

 

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لە چەند سەرچاوەیەکى بەرپرسی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، هەردوو شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لە کۆبوونەوەکانى 15 و 16ـى ئابدا، لەسەر داهاتى نانەوتى ناکۆکن و نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
حکومەتى فیدراڵى داوادەکات داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق رادەستى بەغدا بکرێت، کە تێکڕاى داهاتەکەیە و تەنها 50%ـی داهاتى خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانەى هەرێمى کوردستان بێت کە دەروازى سنوورییان هەیە، بەڵام شاندى هەرێمى کوردستان بەوە قایل نییە و نایەوێت وەک پارێزگاکانى دیکە مامەڵە لەگەڵ داهاتى نانەوتى بکرێت و ئەو داهاتە بگەڕێنێتەوە کە فیدراڵین، لەوانە: داهاتى پاسپۆرت و نیشینگە، فڕۆکەخانەکان، 50%ـی داهاتى دەروازە سنوورییەکان.
 
بەگوێرەى خاڵى (د) بڕگەى دووى مادەى 12ـی یاساى بودجەى گشتیی عێراق، دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان داهاتى نانەوتى بەگوێرەى یاسای کارگێڕیى دارایی رادەستى گەنجینەى دەوڵەت بکات و لیژنەیەکى هاوبەشی نێوان هەردوو دیوانى چاودێرى دارایی عێراق و هەرێمى کوردستان، وردبینى لەو داتایانەدا بکەن.
  
شاندى دیوانى چاودێرىی دارایی عێراق کە زیاتر لە دوو هەفتە بوو لە هەرێمى کوردستان بوون و بەهاوبەشی دیوانى چاودێریى دارایی راپۆرتى خۆیان لەبارەى خەرجى و داهاتەکان ئامادەکردووە. 
 
16ـی ئابى 2023 بەرپرسانى دیوانى چاودێریى دارایی لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوە و یەکێک لەو پرسانەى باسکراوە، ئەو راپۆرتانە بوون، کە بڕیارە رادەستى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی عێراقى بکەن.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق پێیان گوتین 'دوو راپۆرتیان لەبارەى خەرجى و داهاتى هەرێمى کەردستان ئامادەکردووە، کە تایبەتن بە دوو وەرزى سەرەتاى ئەمساڵ'، کە دەکاتە شەش مانگ."
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەماندا پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
3ـی ئابى 2023، وەزارەتى دارایی عێراق بڕى 598 ملیار دینارى وەک پشکى بودجەى هەرێمى کوردستان بۆ مانگى تەممووز نارد.
 
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، بەغدا دوو تریلیۆن و 598 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان رەوانە کردووە، کە بڕیارە لەگەڵ شایستەى دارایی هەرێمى کوردستان لەسەر بەغدا، پاکتاو بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی: سبەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سبەی مووچەی مانگی 10ـی مامۆستایانی گرێبەست خەرج دەکرێت. نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ نیوەی مامۆستایانی گرێبەست مووچەی دوو مانگی سەردەمی وانەبێژییان وەرنەگرتووە.