ئابووری
ئەم کەشتییە بە بارێکی 26 هەزار تۆنەوە لە 1ـی ئەم مانگەوە لە بەندەری ئۆدێساوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوت، وێنە: AFP
رووداو-هەولێر
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، چوار کەشتیی دیکە، کە دانەوێڵەی ئۆکراینایان بارکردووە، لە بەندەرەکانی چۆرنۆمۆرسک و یۆدێساوە بەڕێکەوتوون.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022 لە لایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە ناردنی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینا وەکو پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە. تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار کەشتی دیکە، کە گوڵەبەڕۆژە و زەیتی گوڵەبەڕۆژە و گەنمەشامییان بارکردووە، لە بەندەرەکانی ئۆدیسا و بەندەری چەرنۆمۆرسکی ئۆکرانیا بەڕێکەوتوون.
لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە رووسیا و ئۆکرانیا لە 22ی تەممووزی 2022 بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ لەبارەی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنی سەلامەتیی دانەوێڵە و خۆراک لە بەندرەکانی ئۆکراینا واژۆیانکرد، رۆژی چوارشەممە 27ی تەممووزی 2022، ناوەندی هاوبەشی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لە ئەستەنبووڵ دادەمەزرا.
یەکەم کەشتیی بارکراو لە دانەوێڵەی ئۆکراینا رۆژی یەکی ئابی 2022 لە بەندەری ئۆدێسا بەڕێکەوت و رۆژی دواتر گەیشتە کەناراوەکانی گەرووی ئیستەنبووڵ.
رۆژی پێنجی ئابی 2022 سێ کەشتیی دیکە کە ئاڵای پەنەما، ماڵتا و تورکیایان لەسەربوو و، گەنمەشامییان بارکردبوو لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا بەڕێکەوتن.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، لە 24ی شوباتی ئەمساڵەوە ناردنی ملیۆنان تۆن دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا گیریان خواردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ