بانکی ناوەندیی عێراق: دۆلاری وەهمی مەکڕن

17-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، چەند ماڵپەڕێک بە ناوی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، مامەڵە بۆ هاووڵاتییان دەکەن، بەڵام "وەهمین" و نابێت سەردانیان بکرێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراق هاووڵاتییان لەوە ئاگادار دەکاتەوە "ماڵپەڕی وەهمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی مۆڵەتپێدراوەوە بانگەشەی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندیی دەکەن".
 
بانکی ناوەندیی عێراق بە نرخی فەرمیی 1320 دینار [132 هەزار دینار بەرامبەر 100 دۆلار] دۆلار دەداتە ئەو کەسانەی بە مەبەستی گەشتکردن دەچنە دەرەوەی وڵات.  
 
بۆ ئەو مەبەستە، گەشتیارانی خوازیار دەبێت ناویان تۆماربکەن و بەڵگەنامەی فەرمیی گەشتکردن پێشکێش بکەن. ئەو ماڵپەڕانەش کە دۆلاری ساختە دەفرۆشن، بەستەرێک بۆ هاووڵاتییان دادەنێن و داوا دەکەن سەردانی بکەن. لەوێدا وادەیەک بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی دیاری دەکرێت.
 
بانکەکە روونیدەکاتەوە، ئەو ماڵپەڕانە رێنمایی بۆ دانانی پارە بە دینار دەدەنە قوربانییەکانیان، چونکە بۆ وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی، دەبێت سەرەتا گەشتیاران دینار بخەنە هەژمارە بانکییەکانیانەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی دامەزراوە داراییەکان دەڵێت: "بەدەستهێنانی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە لەڕێگەی ئەلیکترۆنی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکان دەکرێت (ئەگەر هەبێت). پرۆسەی دانانی پارەش بەشێوەیەکی تایبەتی هەر لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە دەکرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لەوەش کرد، ئەوانەی دەیانەوێت دۆلار بە نرخی فەرمی بکڕن، پێویستە لە رێگەی وێبسایتی فەرمیی بانکی ناوەندییەوە (https://cbi.iq/page/25) لیستی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان ببینن.
 
بانکی ناوەندیی عێراق  دڵنیایی دەدات رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو ماڵپەڕە وەهمییانە دەگرنەبەر.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە