راوێژکارێکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق: پێنج بانکەکە سزا نەدراون

17-02-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
د. سەمیر نەسیری لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رووداو.
د. سەمیر نەسیری لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی بانکیی نزیک لە بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هەواڵی سزادانی پێنج بانکەکەی عێراق دروست نییە و ئەم بابەتە بۆ مەرامی خراپ بەکاردەهێندرێت.
 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەوە هەواڵی قەدەخەکردنی پێنج بانکی عێراقیی لە مامەڵەکردن بە دۆلار بڵاوکردەوە.
 
د. سەمیر نەسیری، راوێژکاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق، "هیچ سزایەک نەدراوە و ئەوەش بە بەڵگەی راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی عێراق کە دوێنێ بڵاویکردووەتەوە و باسی کۆبوونەوەی لەگەڵ بانکی ناوەندیی و گەنجینەی ئەمریکا و پێشکەوتنەکان دەکات."
 
دەشڵێت، "ئەو راگەیێندراوە لەژێر سەرپەرشتی و بە ئاگاداری بانکی ناوەندیی عێراق و گەنجینەی ئەمریکا بڵاوکراتەوە و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سنوورێک بۆ بەقاچاخبردنی دۆلار دانراوە و میکانیزمی دابەشکردنی دۆلار باشترکراوە."
 
ئەو قسانەی ئەو راوێژکارە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رۆژی دووشەممە 17-2-2024 کە محەممەد شێخ پێشكێشیکرد.
 
د. سەمیر نەسیری گوتیشی، "کاتێک وەزارەتی گەنجینە یان بانکی ناوەندیی ئەمریکا یان هەر دامەزراوەیەک بڕیاری سزادانی بانک و دامەزراوەیەکی عێراقی دەدات، بانکی ناوەندیی عێراق راستەوخۆ رێنمایی و نووسراو دەردەکات بەوەی مامەڵەکانی ئەو بانک یان دامەزراوەیە بوەستێت."
 
راوێژکارەکە باسی لەوەشکرد، ئەو پێنج بانکەی کە دەگوترێت سزادراون، "ئەسڵەن زۆرینەیان لەنێو دەروازەی مامەڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق نین و ناوەکانیان دروستکراون و زانیارییەکانیش مەرامدارن و ئامانج لێیان شڵەژاندنی هاووڵاتییان و بازاڕی بازرگانی و دراوە."
 
د. نەسیری باس لەوەدەکات، لە رۆژی 1ـی ئەم ساڵیشەوە کۆتایی بە سەکۆی ئەلیکترۆنی هێنراوە و لە رێگەی کردنەوەی هەژمار بۆ بانکە عێراقییەکان لە بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە حەواڵە بۆ دەرەوە دەکرێت.
 
دەشڵێت، دوو رۆژە میدیاکان بەبێ ئاماژەدان بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی "سەری هاووڵاتییان دەئێشێنن بەوە پێنج بانک سزادراون و ژمارەی بانکە سزادراوەکان دەگاتە 37 دۆلار".
 
گوتیشی، کاری کۆمپانیا و بانکەکان بە ئاراستەیەکی جێگیردا دەڕۆن کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا و گەنجینەی ئەمریکا لەسەری دەڕۆن و پێشڤەچوونی گەورە بەدیهاتووە. بۆیە "هیچ بانکێک لە لایەن گەنجینەی ئەمریکاوە سزانەدراوە." گوتیشی پاراستنی دامەزراوەکانی عێراق کاری هەرە لەپێشینەی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراقە. 
 
بەگوتەی ئەو، "ئێستا ژمارەی ئەو بانکانەی مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخەکراوە، دەگاتە 28 بانک. 4 بانکی دیکەش لە لایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتیی "ئۆفاک"ـەوە سزادراون. بەوەش کۆی ئەو بانکانەی سزادراون و کارەکانیان سنووردارکراوە دەگاتە 32 بانک."
 
سەمیر نەسیری دەڵێت، "تەواوی ئەو سزا و رێکارانە تەنیا بەهۆی گومانەوەیە لە لایەن گەنجینەی ئەمریکاوە. ئێستاش ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کار لەگەڵ بانکی ناوەندی دەکەن وەکو ئۆلیڤەر وایمان و K2، وردبینی لە حەواڵە کۆن و نوێیەکانی ئەو بانکانە دەکەن."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پرۆسەی وردبینییەدا، "تاوەکو ئێستا هیچ شتێک نەسەلمێندراوە کە پێچەوانەی ستاندار و رێنماییەکان بێت بە ناردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکان."
 
"ئێستاش بانکی ناوەندی، حکومەتی عێراق و تەنانەت بانکە سزادراوەکانیش ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن وێنەکە بە تەواوی پێشانی گەنجینەی ئەمریکا بدەن بەوەی بانکەکان پابەندن بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان."
 
دەشڵێت، "هیچ کام لە بانکە سزادراو و قەدەخەکراوەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار، لە لیستی ئەو بانکانەدا نین کە حەواڵە بە دۆلار دەکەن."
 
"ئەو بانکانەی حەواڵە بە دۆلار دەکەن، ئەوانەن کە لەگەڵ بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن کە 8ـیان بە دۆلار و، 14ـشیان بە دراوەکانی دیکە مامەڵە دەکەن. ئێستاش بە دروستی و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کارەکانی بریکار و کڕیارەکانیان رایی دەکەن."
 
لەبارەی سوودمەندبوونی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە دۆلار بە نرخی فەرمی، ئەو راوێژکارە دەڵێت، "دۆلاری بانکی ناوەندی [بە نرخی فەرمیی 132 هەزار دینار]، بەردەستە بۆ بازرگانانی تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. "
 
د. نەسیری گوتیشی، "هەموو ئەو بازرگانانەی خاوەن کۆمپانیای فەرمی و تۆمارکراون، دەتوانن سوودمەند بن لە دۆلار بە نرخی فەرمی. ئەوانەشی تۆمارنەکراون و هەژماری فەرمییان نییە و چاویان لەوەیە بە نرخی رۆژ لە بازاڕی هاوتەریب بیفرۆشنەوە، دۆلار بۆ ئەوانە نییە و ئەمە پێچەوانەی رێنماییەکان و یاسایە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.