جەمال کۆچەر: 7 بانک لە مەزادی فرۆشتنی دۆلار دوورخراونەتەوە، بۆیە نرخی دینار دابەزیوە

16-12-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حەوت بانک لە مەزادی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دوورخراونەتەوە و ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر عێراق زیادیکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دۆلار. 
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، دوو هۆکارە، یەکەم؛ لە خستنەڕوو "مەزاد"ـی دۆلار بۆ بازاڕەکان، جاران 42 بانک بەشداربوون، بەڵام بەهۆی بوونی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق زیادکردووە و 7 بانک لەو پڕۆسەیە دەرکراون، ئێستا چاودێرییەکان لەسەر ئەو 35 بانکەی کە بەشداریی پڕۆسەکەن زۆر تووندترکراون، چونکە کاریگەری لەسەر ناوبانگ و متمانەی بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. دووەم؛ دابەزینی نرخی بە نزیکەی 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هۆکارێکی دیکەیە کە حکومەتیش زۆر رژد نەبێت لە جێگیرکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، چونکە حکومەتی نوێی عێراق کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی بە خەڵک داوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، ئەگەر لە هەر دۆلارێکدا 50 دینار بچێتەسەر نرخەکەی ئەوا لە بودجەیەکی 70 بۆ 80 ملیار دۆلاریدا، پارەیەکی زۆر دەکات و لە قازانجی حکومەتدا دەبێت، بەڵام حکومەت بە فەرمی ناتوانێت بەهای دۆلار بەرز بکاتەوە، چونکە سەرۆکوەزیرانی ئێستا پێشتر بەڵێنیدابوو کە نرخەکەی کەمبکاتەوە و لایەنە پێکهێنەرەکانیش بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەچن.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "پێشتر فەوزا و پشێوی بووە و گەندەڵی زۆر کراوە، لە بابەتی فرۆشتنەوەی دۆلاردا بەشێک لە بانکەکان بەڵگەنامەکانیان ساختەبوون و هەندێک کەس و حیزب سوودیان وەردەگرت."
 
لەبارەی رەوانەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمانی عێراق، د. جەمال کۆچەر گوتی، چەند هۆکارێک هەن بۆ ئەوەی تاوەکو ئێستا رەشنووسی پڕۆژەکە رەوانەی پەرلەمان نەکراوە، لەوانە؛ دابەزینی نرخی نەوت بە نزیکەی 20 دۆلار، ناجێگری نرخی نەوت یەکێکە لە هۆکارەکان کە وایکردووە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی بودجە رەوانەی پەرلەمان نەکەن، چونکە ئەوکات لە حکومەت ناچارە بە نزیکەیی 10 دۆلار کەمتر لە نرخی ئاسایی نەوت لە یاسای بودجەدا جێگیری بکات، هەروەک رێکنەکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش یەکێکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی بودجەی گشتی.
 
رۆژی سێشەممە، 13-12-2022، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا و ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە، شاندی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە هەولێر. د. جەمال کۆچەر دەڵێت: "شاندی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدای کردووە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە [فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ئەندامانی لیژنەی دارایی] نەکردووە، ئاگاداری هیچ شتێک نین و حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێمی کوردستان، وەکو 'سەردەمی ئەسحاب ئەلکەهف' مامەڵە دەکەن لەگەڵ نوێنەرانی کورد." 
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، فراکسیۆنە شیعەکان و سوننەکانیش هەفتانە بە بەردەوامی کۆبوونەوە دەکەن و لەگەڵ فراکسیۆنەکان پێکەوە کاردەکەن، بەڵام لای لایەنە کوردستانییەکان بێ منەتییەکی زۆر هەیە و "هیچ کاتێک کورد هێندەی ئێستا پەرتەوازە نەبووە، کورد ئێستا زۆر لاوازە لەبەغدا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.