رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ساڵی رابردووی هەتاوییدا بە بەهای دوو ملیار و 673 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانەوە هەناردە کراوە و ئەوەش 41٪ـی کۆی هەناردەی ئێران بۆ باشووری کوردستان و عێراق بووە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ساڵی رابردووی هەتاوییدا لە دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە بەهای شەش ملیار و 494 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل بۆ باشووری کوردستان و عێراق هەناردە کراوە و بە بەهای دوو ملیار و و 673 ملیۆن دۆلاری لە پارێزگای کرماشانەوە بووە.
ئەو کاڵا و کەلوپەلانە زیاتر ئاسن، کاشی، سەوزە و میوە، شیرەمەنی و پلاستیک بوون و هەناردەکە زیاتر لە رێگەی دوو دەروازەی سنووریی فەرمی پەروێزخان و خوسرەوییەوە بووە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەناردەی ئەمساڵی زاینییەوە هەیە، جەهانبەخش سنجابی، سکرتێری ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق دەڵێت، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بە بەهای دوو ملیار و 398 ملیۆن دۆلار کاڵا و کەلوپەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بۆ باشووری کوردستان و عێراق هەناردە کراوە کە 419 ملیۆن دۆلار کەمترە لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ