رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەی بۆ واشنتن چاکسازییە داراییەکان تاوتوێ دەکات. بە گوتەی راوێژکارێکیشی، سوودانی سەرکەوتوو بووە لە دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ کارکردنی بانکە حکومییەکان و لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا گفتوگۆی دەکەن.
حوسێن عەللاوی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، چاکسازییە داراییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان، لەنێویاندا رێگەی گەشەپێدان وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی جیهانی تاوتوێ دەکات.
عەللاوی ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی راگەیاندووە، "سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان خستە بەرنامەی کاری تایبەتی سەردانەکەی بۆ واشنتن بۆ روونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەتی عێراق، رێبازی چاکسازی ئابووری و دارایی و باشترکردنی پێوەرەکانی وەبەرهێنان و ژینگەی ئابووری کە سەرۆکوەزیران زیاتر لە ساڵێک و نیو کاری لەسەر کردووە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لە سەردانەکەیدا، سوودانی باس لە هەوڵەکانی حکومەتیش دەکات بۆ باشترکردنی ژینگەی ئابووری و خستنەڕووی بوارەکانی وەبەرهێنان لە وزەی پاک".
حوسێن عەللاوی باس لەوەشدەکات، سوودانی کاری لەسەر دۆسیەیەکی ستراتیژیی پەیوەست بە چاکسازیی داراییش کردووە. بۆ ئەم مەبەستەش، تیمێکی ئابووری، دارایی و بانکیی دروستکردووە کە لە مانگەکانی رابردوودا شەو و رۆژ کاریان لەگەڵ کردووە و سەرکەوتوو بوون لە دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ کارکردنی بانکە حکومییەکان.
بە گوتەی ئەو راوێژکارە، سوودانی لە بەڕێوەبردنی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیشدا و جووڵەکردنی لە نێوخۆی عێراق سەرکەوتوو بووە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق، وەزارەتی دارایی و بانکە حکومی و ئەهلییەکان. لە گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش ئەم بابەتە دەخرێتە بەرباس.
دەشڵێت، روونکردنەوە دەدەن لەبارەی هەڵوێست و هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە چاکسازیی دارایی لە لایەک و، هەنگاوەکانی چاکسازییەکانی داهاتوو لە شێوەی پاکێجی بەرفراوان لە لایەکی دیکە.
سوودانی لە رۆژی 13ـی ئەم مانگەوە بەسەردانێک لە ئەمریکایە. ئەمڕۆش لەگەڵ رەوەندی عێراقی لە واشنتن و بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا کۆبووەوە و گوتارێکی بۆ دان.
بڕیارە سوودانی، جگە لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان، کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سزادانی ژمارەیەک بانکی عێراقی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە گوتی، "گەنجینەی ئەمریکا تێبینی لەسەر کاری بانکەکان لە ساڵانی رابردوو هەبووە، نەوەک لە رێگەی ئەم حکومەتەی ئێستا کە پشتی بە سەکۆی ئەلیکترۆنی بەستووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ