رووداو دیجیتاڵ
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی راگەیاند، زیانی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان تائێستا زیاتر لە 14 ملیار دۆلار بووە.
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023وە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەرکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
گوتەبێژی ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، "زیاتر لە 14 ملیار دۆلار زیانی هەبووە."
مایڵز کاگینز گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان- ئەپیکور دەڵێت، گفتوگۆ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە.
بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لە هەرێمی کوردستان "20 دۆلاری تێدەچێت."
مایڵز کاگینز دەڵێت، کۆمەڵەی ئەپیکور "رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین و ئەو نەوتە تەنیا بە پاڵاوگە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت. ئەوەش بە نرخێکی زۆر کەمتر لە هەناردەکارانی نەوت دەفرۆشرێت. بۆیە زۆر هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق و تورکیاوە دەستپێبکاتەوە."
رۆژی شەممە، 13ـی نیسان محەممەد شیاع سوودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتن بەڕێکەوت؛ بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی نیسان بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.
سوودانی دوێنێ یەکشەممە، لەگەڵ برێت مەکگۆرگ، راوێژکاری بایدن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەیمۆس هۆکستاین، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سیاسەتی ئاسایشی وزە کۆبووەوە.
کاگینز سەردانەکەی سوودانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بواری وزە بە "گرنگ" ناودەبات بۆ پیشەسازیی نەوتی کوردستان.
"لە کۆبوونەوەکاندا باس لە نەوت و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق - تورکیاوە کراوە. نەوت لە سەرەوەی ئەجێندای کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران سوودانی دایە."
کاگینز پێیوایە، بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندیی بە سەرکردەکانەوە نییە، بەڵکو دەڵێت، پێویستیی بە گرێبەستی نوێ و دانوستاندنی تەکنیکی هەیە کە لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، لەنێویدا ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێت.
ئەپیکور دەیەوێت "لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کاربکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ