سامانە سرووشتییەکان: بڕیارە ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق بڕێک نەوت بنێرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڕێک نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە کە تاوەكو ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نەگەیشتووە."
 
بە گوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵەوە بڕێک نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەو وەزارەتەدا هاتووە: "ئەوەی بەغدا دەینێرێت تەنیا بەشی 19٪ی پێداویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر ئەو بڕە نەوتەش دابینکرا، بە چەند كاروانێک دەگاتە هەرێمی كوردستان و راستەوخۆ دابەش دەکرێت". 
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت: "دابەشکردنەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکانەوە بە هاوئاهەنگی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ ئەوەی ساڵانە یەک بەرمیل نەوت بداتە هەر خێزانێک، تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک خێزان دابەش کراوە، کە  دەکاتە 88% کۆی نەوتی دابەشکراو.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە