جەمال کۆچەر: تەیف سامی گوتی 'لە 2024 مووچەی 12 مانگم بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە'

دوێنێ کاژێر 05:51
سۆلین حەمەدەمین
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو هەولێر

جەمال کۆچەر دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیف سامی، پرسیاری مووچەی مانگی 12ی لێکردووە و ئەویش گوتی، لە 2024دا 12 مووچەی ناردووە، ئەگەر بڕیارێک نەدرێت، هیچ پارەیەکی دیکە نانێرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "پێشنیاز دەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری داراییش لەگەڵ خۆی بباتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیری دارایی عێراق و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کۆبوونەوەیەکی پێنج قۆڵی لەبارەی چارەسەری کێشەی مووچە بکەن.
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە خشتەى بودجەى 2024ـى عێراق زیاتر لە 20 تریلیۆن دینار بوو، بە گوێرەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەو بڕە پارەیە بەغدا 10.7 تریلیۆن دینارى ناردووە.
 
بڕى 800 ملیار دینارى پارەى مووچەی ساڵی 2024 بە هەڵپەسێردراوى لەنێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە، هەرێمى کوردستان دەڵێت، ماوە بنێردرێت و حکومەتى فیدراڵیش دەڵێت، تەرخانکراوى دارایی نەماوە بۆ مووچە. 
 
ئەمڕۆ شەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش بودجەی 2025 بوو.
 
جەمال کۆچەر لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو. لەبارەی مووچەی مانگی 12 گوتی، نابێت یەک مووچەی 2024 بفەوتێت، چونکە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە و دەبێت چارەسەری ئەو بەشە بکرێت کە ماوە و نەنێردراوە.
 
لە عێراق مووچەی هەموو مانگێک وەکو یەک دابەش دەکرێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق هەر مانگێک و بەشێوەیەک مووچە دەنێرێت. جەمال کۆچەر دەڵێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارە، تەیف سامی گوتی، "من وەکو وەزیر گرێدراوم بەو ژمارانەی لە خشتەی بودجە هاتووە، ناتوانم کەم و زیادی پێ بکەم. ئەو ژمارەیەی لە خشتەی بودجەدا هەیە، هەرێمی کوردستان زیاتری لە ئێمە داوا کردووە".
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر، لە 2024دا، زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە. 
 
لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی 12، جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، "مانگەکانی پێشتر هەرێمی کوردستان زیاتری بردووە، ئێمە کۆی گشتیی مووچەی هەر 12 مانگەکەمان ناردووە و ئەگەر بڕیارێک نەبێت، هیچ مووچەیەکی دیکە نانێرێت".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەغدا بە پاساوی ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی رادەست نەکردووە، بەشێک لە پارەکەی نەناردووە. پار، هەرێمى کوردستان بە پێنج گوژمە، 399 ملیار دینارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

نەرمین مەعرووف: ئەگەر مادەی 11ی بودجە هەموار نەکرێت ئەم ساڵیش کێشەی مووچە بەردەوام دەبێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆرترین گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچەی مانگی 12 کراوە، بەڵام نەگەیشتوونە هیچ ئەنجامێک، بۆیە بڕیاردرا لیژیەنەک لە وەزارەتی دارایی بۆ بەداواداچونی پرسی مووچەی مانگی 12 و کێشەکانی دیکەی مووچە پێکهێندرێت.