رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-01-2025، یەک ئۆنسە زێڕ بە 2689 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، نزیک لە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی خۆی کە لە رۆژی هەینی بەدەستی هێنا.
هەرچەندە داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە بەهێزیی ئابووریی ئەو وڵاتە دەکەن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی دابنێت، بەڵام دەستبەکاربوونی ترەمپ و ناڕوونی سەبارەت بە سیاسەتەکانی، پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕیژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 2719 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ییپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) رایگەیاند، "سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کە خوازیاری سەپاندنی پێناسی گومرکییە بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی، بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان. بەرزبوونەوەی هەڵاوسانیش بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوودڵ دەکات لەوەی کە پەلەبکات لە کەمکردنەوەی سوودی بانکی."
بازرگانانی زێڕ ئێستا پێشبینی دەکەن لەم مانگەدا بانکی ناوەندی گۆڕانکاری لە سوودی بانکی نەکات و لە ئەمساڵیشدا تەنیا یەک جاری دیکە سوودی بانکی کەمبکاتەوە.
کەمکردنەوەی سوودی بانکی، بەهای دۆلار دادەبەزێنێت و نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە.
پێشتر بازرگانان چاوەڕێی دووجار کەمکردنەوەی سوودی بانکییان لە ئەمساڵدا دەکرد.
کۆتایی ئەم هەفتەیە ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی 12ـی ئەمریکا رادەگەیێندرێت، ئەو داتا نوێیانە دەتوانێت کاریگەری بەرچاو لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ