رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەکانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوامن، ئەوەش بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی بەردەم بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پێدانەوەی یەک ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکان و تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاستەنگی گەورەن لە دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "گرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت گەورەن. عێراق دەیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، بەڵام بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت. هەرێمی کوردستانیش بە هەمانشێوە".
عەلی حەمەساڵح گوتیشی: "یەکێک لە گرفتە گەورەکان پێدانی ئەو یەک ملیارە دۆلارەیە، کە کۆمپانیاکانی نەوت داوای دەکەن لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی ئەم ساڵەدا، تاوەکو ئێستا عێراق نەچووەتە ژێرباری گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت گرفتێکی دیکەیە و جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان داواکاری هەرێمی کوردستان و ئەوەی عێراق داوایکردووە."
بەگوتەی عەلی حەمەساڵح کرێی بۆری بۆ گواستنەوەی نەوت زۆرە و عێراق رازی نییە 9 دۆلار بداتە تێچووی گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت، لە کاتێکدا خۆی نزیکەی 1.20 یەک دۆلار و بیست سەنت دەدات بۆ گواستنەوەی نەوتەکەی.
عەلی حەمەساڵح دەڵێت: کۆمپانیاکانی نەوت و گاز دەیانەوێت لەگەڵ حکومەتی عێراق کار بکەن، ئەگەر رێگەیەک بدۆزنەوە قازانجیان لە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراقدایە ئەوا بێ دوو دڵی لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکدەکەون، نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگە بدات کۆمپانیاکان خۆیان لەگەڵ عێراق گفتوگۆ بکەن، چونکە بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.
235 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کە تائێستا زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە داهاتی عێراق داوە.
شوان زوڵاڵ، شرۆڤەکاری وزە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـدا گوتی، وەڵامدانەوەی عێراق لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان ئامادە نین بەبێ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی گرێبەستەکانیان بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن گوشار لە کۆمپانیاکان بکەن، ئەو کۆمپانیایانە دەتوانن گرفتەکانیان بکەنە سکاڵا و بیبەبە دادگە بە ئەگەری زۆر لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکان یەکلادەبێتەوە.
شوان زوڵاڵ، جەختیکردەوە، حکومەتی عێراق بۆیە گوشار لە کۆمپانیاکان ناکات دەزانێت بە زیانی دەشکێتەوە و کۆمپانیاکان سکاڵا ببەنە دادگە لە بەرژەوەندی عێراق تەواو نابێت.
ئەو شرۆڤەکارەی وزە رایگەیاند، دوو چارەسەر هەیە بۆ ئەو گرفتانەی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان یەکێکیان ئەوەیە یاسای نەوت و گاز دەربکرێت و بە یاسا گرفتە چارەسەر بکرێت، چارەسەری دووەم ئەوەیە هاوشێوەی پێشوو هەناردەی نەوت دەستپێبکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەش بەش قەرزەکانی بداتەوە، بەڵام ئەمەیان چارەسەری بنەڕەتی نییە و 'پینەکردنە'.
رۆژی یەکشەممە، حەیان عەبدولغەنی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند: "سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و، رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم[ـی کوردستان] کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدراڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە."
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لەکاتی بەشداریکردنی لە کاژێری یەکەمی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت رایگەیاند: "کۆبوونەوەی گرنگ لە نێوان وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینین. ئەمە ئاماژەیەکی ئەرێنییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ