رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، گەیشتە بەغدا و بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەندامانی شاندەکەن.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکە گوتی، یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیش کۆدەبنەوە.
پەیامنێری رووداو گوتی، کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانیش کۆببنەوە.
دوێنێ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویشیاندا مووچەیان پێ بدرێت."
گوتەبێژی حکومەت گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ؛ سەردانی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکومەت، پێشاندانەوەی نیەتی سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ