هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان 14 هێندە و بۆ چینیش دوو هێندە زیادیکردووە

13-12-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن نەوتی رووسیا هیندستان
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەپێی ئاماری کۆمپانیای ڤۆرتێکسا بۆ بەدواداچوونی وزە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان 14 هێندە و بۆ چینیش دوو هێندە زیادیکردووە، چونکە رووسیا کڕیاری نوێی دۆزیوەتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە کڕیارە ئەوروپییەکان دروستیانکردووە.
 
بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا کە لە 24ـی شوباتەوە دەستیپێکرد، ئەمریکا و بەریتانیا پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی نەوتی خاو لە رووسیا. یەکێتیی ئەوروپا سەرەتای ئەم مانگە لەسەر قەدەخەی هاوردەی نەوتی رووسیا رێککەوت، کۆمەڵەی وڵاتانی G7ـیش بڕیاریدا نرخی نەوتی رووسیا بە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاریبکات.
 
هاوکات قەدەخەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە 5ـی شوباتی ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەکاتە 90٪ـی هاوردەی نەوتی رووسیا، بەڵام بولگاریا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 لە جێبەجێکردنی سزاکە بەخشراوە.
 
لەگەڵ هەنگاوی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی هاوردەی نەوتی رووسیا، ئەو وڵاتە بەدوای کڕیار لە شوێنێکی دیکەدا گەڕا و نرخێکی کەمتری پێشکەش کردووە وەک هەوڵێک بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوەکەی.
 
بەپێی ڤۆرتێکسا، لە مانگی ئاداری 2021ـدا هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان گەیشتە 35 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. 
سەرەڕای ئەوەی لە مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێکی لە رووسیاوە هاوردە نەکردووە، بەڵام لە ئاداری ئەمساڵدا هیندستان بە تێكڕا رۆژانە 68 هەزار بەرمیل نەوتی رووسیای هاوردە کردووە.
 
لە ماوەی شەڕی ئۆکرایناشدا، هەناردەی نەوتی رووسیا لەڕێی دەریاوە بۆ هیندستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە 959 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەوەش 14 هێندە زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکە، ئێستا رووسیا زیاتر لە 20٪ـی نەوتی هیندستان پڕدەکاتەوە.
 
حکومەتی هیندستان بە تووندی بەرگری لە بازرگانی نەوتی خۆی لەگەڵ رووسیا دەکات و دەڵێت، دەبێت نەوت لەو شوێنانە هاوردە بکات کە هەرزانترینە.
 
هاوردەکردنی نەوتی مانگی نۆڤەمبەر پێش ئەوە دێت کە یەکێتیی ئەوروپا لەسەر دیاریکردنی نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی بۆریی هەناردەکراوی رووسیا بە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک رێککەوت، بەڵام حکومەتی هیندستان ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوام دەبن لە کڕینی نەوت لە رووسیا بەدەر لەو نرخەی یەکێتییەکە دیاریکردووە.
 
بەپێی ڤۆرتێکسا، جگە لە هیندستان، هاوئاهەنگییەکانی کرێملین لە بواری وزە لەگەڵ چینیش برەوی سەندووە؛ هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ چین لە 670 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە مانگی شوباتەوە بۆ 1 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە مانگی تشرینی دووەمدا زیادیکردووە.
 
هەر لەو ماوەیەدا، هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ تورکیا لە 110 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 327 هەزار بەرمیل زیادبووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە