بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان: حکومەت ئامادەکاریی بۆ رەشنووسی بودجەی 2023 دەستپێکردووە

13-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 دەستپێکردووە. دەڵێت: "بە پەسندکردنی رەشنووسی بودجە لە پەرلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستانیش بودجەی دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە 13-11-2022، محەممەد ئیلخانلی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە داوای لیستی پێشبینیکراوی خەرجی و داهاتەکان لە سەرجەم وەزارەتەکان دەکات، بۆ ئەمساڵیش ئەمەی کردووە و ئامادەکارییەکانی بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 دەستپێکردووە." 
 
سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، محەممەد ئیلخانلی گوتی: "هێشتا دیار نییە بڕەکە چەند دەبێت، ئەمە لەسەر دانوستاندنەکانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق راوەستاوە، لە ژێر رۆشنایی ئەنجامەکانی ئەو دانوستاندنانە بڕەکەی دیاری دەکرێت."
 
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەش کرد، "ئێستا هەرێمی کوردستان داهاتی مانگانەی بەڕێژەی 15٪ بۆ 20٪ کورتهێنانی هەیە؛ مانگانە نزیکەی 350 ملیار دینار داهاتەکانی نەوتە و بڕی 200 ملیۆن دۆلاریش داهاتەکانی ناوخۆیە، لەگەڵ 200 ملیار دینارەکە کە زۆر جار نانێردرێت، بۆیە هەرچۆنێکبێت ساڵی داهاتوو هەرێمی کوردستان بودجەی دەبێت."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ دانوستاندن لەگەڵ عێراق لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە پێکهێناوە، رۆژی دووشەممە 7-11-2022، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو شاندەی بڕیارە بۆ بابەتی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک پرسی دیکە سەردانی بەغدا بکات، رایگەیاند: "ئێمە لەپێناو بەدەستهێنانی بەشەبودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچینە بەغدا، هیوادارین سەرەتایەکی باش هەبێت بۆ لێکتێگەیشتنی دانوستاندنەکان بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە پارێزراوی بەدی بێت." 
 
لە ساڵی 2014 حکومەتی عێراق بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. هەرچەندە لە زۆربەی ساڵەکاندا پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق جێگیرکراوە، بەڵام بەو مەرجەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا سەردانی بەغدا دەکەن محەممەد شیاع سوودانی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە.
 
رۆژی دووشەممە 7-11-2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی زانیارییەکان بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو گەورەترین بودجە دەبێت لە دوای ساڵی 2003ـەوە، لەنێوان 100 بۆ 130 ملیار دۆلار دەبێت، بەتایبەت کە ئەمساڵیش عێراق بودجەی نەبوو، پارەیەکی زۆریش بەردەستە، بۆیە دەبێت هەڵمەتێکی گەورەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بەڕێوەبچێت." 
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی: "یەکێک لەو پێوەرانەی بەکارهاتووە بۆ پێدانی بودجە رێژەی دانیشتووانە، ساڵانێکە هەرێمی کوردستان رێژەی 12.6٪ـی بودجەی بەردەکەوێت، بەڵام ئەمساڵ دوای ئەوەی بەدواداچوونم کرد و نووسراوێکم ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کرد و پرسیارم لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لێکردبوون، لە وەڵامدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 884 هەزار و 23 کەسە، واتە دەکاتە رێژەی 14٪ـی کۆی دانیشتووانی عێراق."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.