ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: سعودیە و رووسیا بازاڕی نەوت ناجێگیر دەکەن

13-09-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دەدات لەوەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لەلایەن سعودیە و رووسیاوە، خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە، مەترسی هەیە بازاڕی نەوت ناجێگیرتر بکات.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی چوارشەممە، 13.9.2023، لە راپۆرتی مانگانەی خۆی لەبارەی بازاڕی نەوت رایگەیاند، "هاوپەیمانیی نێوان سعودیە و رووسیا ئاڵنگاریی گەورە بۆ بازاڕەکانی نەوت دروستدەکات". دەشڵێت: "لە مانگی ئەیلوول بەدواوە، کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە رابەرایەتیی سعودیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا خستنەڕووی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە".
 
ئەو ئاژانسە دەشڵێت، بەوهۆیەشەوە، "نەوت لە کۆگاکان بە ئاستێکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، ئەوەش مەترسیی ناجێگیرییەکی دیکە زیاد دەکات کە بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی هەستیاری ئابووری، لە بەرژەوەندیی هیچ کام لە بەرهەمهێنەران و بەکاربەران [ـی نەوت] نابێت".
 
هۆشدارییەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، 5.9.2023، سعودیە ماوەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە کە لە مانگی تەممووزدا چووبووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
هاوشانی سعودیە، رووسیاش درێژکردنەوەی ماوەی کەمکردنەوەی هەناردەی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی تاوەکو هەمان ماوە راگەیاند. ئەو بڕەی دوو سەرکردەکەی ئۆپێک پڵەس کەمیان کردووەتەوە ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیلە کە دەکاتە نزیکەی 1.5٪ـی خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت.
 
مەبەست لە بڕیارەکەی سعودیە و رووسیا بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە، کە لە مانگەکانی دواییدا دابەزیبوو و، بەرمیلێک نەوتی برێنت لە مانگی رابردوودا بە نزیکەی 85 دۆلار بوو. بەهۆی بڕیارەکەوە لە 5ـی ئەم مانگەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتووەتە زیاتر لە 92 دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیادکردووە کە وادەکات بانکە ناوەندییەکانی جیهان رێژەی سوودی بانکی زیاد بکەن، ئەوەش مەترسیی سستیی ئابووری زیاد دەکات.
 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هێشتا پێیوایە لەمساڵدا خواستی جیهان لەسەر نەوت بە بڕی دوو ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد دەکات و دەگاتە 101 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەتایبەتی بەهۆی بووژانەوەی خواستی چین لەسەر سووتەمەنیی فڕۆکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە