نەرمین مەعرووف: پشکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی نەنێردرێت وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین

12-08-2023
پەیمان محەممەد
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن بودجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەم مانگە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بەتەواوی دەنێردرێت، بەڵام ''ئەگەر بەتەواوی نەگات، وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین.''
 
رۆژی شەممە 12-08-2023، نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''خواستی ئێمەیە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی نوێ بنێردرێت، بەڵام ئەگەر دوای دەرچوونی رێنماییەکانیش بەشە بودجەکە بە تەواوی نەگات، نەک تەنیا بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان و پرساندنی دەکرێت، بەڵکو کۆمەڵێک رێکاری دیکەش دەگیرینەبەر''. 
 
نەرمین مەعرووف ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەرچوونی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی، دەبێت لە رۆژی 01-01-2023ـوە یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ''حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەتەواوی پابەندی سەرجەم بڕگەکانی یاسای بودجە بووە، بۆیە پێموانییە بۆ قۆناخی داهاتوو ئاستەنگییەک لەبەردەم جێبەجێکردنی مادەکانی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان دروست ببێت.''
 
دووشەممەی رابردوو، رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، ''بەپێی رێنماییەکان، دەبێت ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025 بکرێت."
 
لەکاتێکدا بودجەی گشتیی عێراق بەتەواوی کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتا هەندێک کێشە و لێکتێنەگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پاکتاوی دارایی لە ئارادایە، کە دەبێ گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بکرێت.
 
وەک ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیدا، هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی بکات، ''بەڵام ئەم داهاتە نانەوتییە لەبەرئەوەی لە یاسای بودجەدا روون نەکراوەتەوە کە چی لەخۆ دەگرێت و تەنیا رێژەیەکی 50٪ـی تێدا باسکراوە، روون نییە هەر داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەگرێتەوە یان شتی دیکەش.''
 
نەرمین مەعرووف گوتیشی، ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان بەغدا و هەولێر بەردەوامە و، ''پێموایە بۆ ئەم مانگە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە تەواوی دەنێردرێت، چونکە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان روونن.''
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و کۆنووسێک کە لەنێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەر دوو حکومەت پێکهێنراوە، زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار وەکو داهاتی نێوخۆیی [نانەوتی] هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ئەو پەرلەمانتارە لەوبارەوە دەڵێت، ''ئەمە جێگەی هەڵوێستەیە، چونکە ئەم بڕە پارەیە لە چوارچێوەی کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی فیدراڵیدا هەژمار دەکرێت، کە نزیکەی 17 تریلیۆن دینارە؛ لەو بڕە پارەیە، 26٪ـی کە دەبێتە زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار، هی هەرێمی کوردستانە کە ئەمە قەبارەیەکی یەکجار زۆرە.''
 
نەرمین مەعرووف جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان هەڵەی تێدا نەبێت، ئەوە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، ''ئەگەر ئەم بڕە پارەیە وەکو داهاتی نانەوتی کۆکرابێتەوە، جگە لە داهاتی دەروازە سنوورییەکان تەنیا رسوومات، باج و پارەی ئاو و کارەبا دەمێنێتەوە بۆ کۆکردنەوەی، کە ئەم بابەتەش دەرخەری ئەوەیە؛ بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق، پارەیەکی یەکجار زۆر لە هاووڵاتییان وەرگیراوە، بۆیە توانراوە ئەم قەبارەیە لە داهاتی نانەوتی کۆبکرێتەوە.''
 
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە