رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر وەزارەتی دارایی تێبینی لەسەر لیستەکە نەبێت رەنگە پێش جەژن مووچەکانیان خەرج بکرێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی کرد پێیگوتم لیستی مووچەی مانگی پێنج ئەمڕۆ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە و ئەمڕۆ وردبینی لە لیستەکە دەکرێت و هەرکاتێک وردبینییەکە تەواو بوو مووچەکە دەنێردرێت."
لەبارەی ئەگەری ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان پێش جەژن، نەرمین مەعرووف دەڵێت: "ئەگەر وەزارەتی دارایی تێبینی لەسەر لیستەکە نەبێت و وردبینی تەواو بکرێت ئەگەر هەیە پێش جەژن مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بنێردرێت."
دەشڵێت: "زانیاری هێزەکانی پیشمەرگە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، بەڵام بە کۆد مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکان دەکرێت، چونکە وەزارەتی دارایی بە کۆد مامەڵە لەگەڵ کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات."
د. نەرمین مەعرووف باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی پێیگوتوون ئەگەر لیستەکان بەپێی ئەو زانیارییانە بێت داواکراوە و پوخت بێت پرۆسەی وردبینییەکە زووتر تەواو دەبێت و دەبێتە بناخەیەک بۆ مانگەکانی دیکە، ئەو سیستمە ژمێریارییەی هەرێمی کوردستان پێڕەوی لێدەکات هاوشێوەی ئەو سیستمە نییە کە عێراق پێڕەوی دەکات، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ ئەو سیستمە بگونجێنێت.
سەبارەت بە مانگەکانی داهاتوو ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەڵێت: "ئەگەر بەو شێوەیە لیست بنێردرێت کە عێراق داوایکردووە پرۆسەی وردبینییەکە و دابەشکردنەکە خێراتر دەبێت."
د. نەرمین باسی لە رادەستکردنی داهاتی نێوخۆ کرد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە و گوتی: "لە ساڵی 2019 یاسای بەڕێوەبردنی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە باس لە داهاتە نانەوتییەکان کراوە و دیاریکراوە چەندی بۆ هەرێم و پارێزگاکانە، ئەو پابەندییە لەسەر هەرێم و پارێزگاکان جێگیرکراوە، ئەم یاسایە خراوەتە نێو یاسای بودجە و بڕیاری دادگەی فیدراڵی جەختی لێکردووەتەوە و پاندییەکە لەسەر هەرێمی کوردستان."
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی حکومەتی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 42 تریلیۆن و 725 ملیار دینار بووە، خەرجییەکانیشی 37 تریلیۆن و 143 ملیار دینار بووە، کە 26 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە بووە، خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەو چوار مانگەدا زیاتر لە سێ تریلیۆن دینار بووە، کە 91٪ی بۆ مووچە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ