100 دۆلار بە کەمتر لە 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت

12-06-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بە پێچەوانەی دوێنێ، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بۆ خوار 147 هەزار دینار دابەزی.
 
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 146 هەزار و 900 دینار بووە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 100 دینار بوو.
 
لە سلێمانیش دینار بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەرامبەر بە دۆلار تۆمارکرد. محەممەد حاجی قادر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا ئێوارەی ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 146 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بەیانیش لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار دینار بووە. بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارە، ئێستا ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانان دەکرێت، ئەوەش رەنگە دینار بەرامبەر بە دۆلار بەهێز بکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەیەکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە دابەزین بووە. 
 
رۆژی سێشەممە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی. لە مامەڵەکانی دوێنێدا 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 147 هەزار و 500 دینار.
 
رۆژی 30-05-2024 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی 197 کۆمپانیای قەدەخە کرد بچنە نێو دەروازەی کڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی. ئەمە هۆکاری دابەزینی هەفتەی رابردووی بەهای دینار بووە.
 
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، دوای جەژن بە ئەگەری زۆرەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق کۆمپانیای دیکە سزا نەدات و خستنەڕووی دۆلار کەمنەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە