بەڕێوەبەری کۆینستۆر: دەکرێت نرخی بیدزکۆین بگاتە سەرووی دۆلارێک

12-03-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەرپرسانی کۆینستۆر.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەرپرسانی کۆینستۆر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری کۆینستۆر و بەڕێوەبەری پلاندانانی سەکۆکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بیدزکۆینی هاوبەشیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان؛ بەڕێوەبەرەکەی پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی بیدزکۆین بۆ سەرووی دۆلارێک دەکات.
 
ساموێل چۆنگ، بەڕێوەبەری کۆینستۆر لە سەنگاپوور و ئالوین پۆنگ، بەڕێوەبەری پلاندانان لە پلاتفۆرمەکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشکاری رووداو، باسیان لە پلاتفۆرمەکەیان و بەهای بیدزکۆین کرد. 
 
کۆینستۆر سەکۆیەکی گەورەی جیهانیی دراوی دیجیتاڵییە و بارەگاکەی لە سەنگاپوورە، بە کۆی گشتی 500 کۆینی تێدایە و رۆژانە بەبەهای 400 ملیۆن دۆلار بازرگانییان پێوە دەکرێت. 
 
بەڕێوەبەری کۆینستۆر لەبارەی بیدزکۆینەوە گوتی، "[بیدز ئی-ستۆر] ئۆفیسی تایبەتیان هەیە. زۆرێک لە دراوەکانی بازاڕ ئۆفیسی تایبەتیان نییە، تەنانەت زۆربەی کات هەر نازانی لەکوێن، بەڵام بۆ بیدزکۆین، ئۆفیس هەیە و تیمێکی گەورەشیان هەیە، بۆیە ئەمە جیاوازییەکی گەورە دروستدەکات."
 
لای خۆیەوە، ئالوین پۆنگ دەڵێت، جگە لە کوردەکان، خەڵکی دیکەش هەن دەیانەوێت زیاتر لەسەر بیدزکۆین بزانن؛ "بەکۆی گشتیش پێموایە، 200 بۆ 300 هەزار بەشداربووی بیدزکۆین هەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: ساموێل، کۆینستۆر کەی دامەزرا؟
 
ساموێل: کۆینستۆر لە کانوونی یەکەمی 2020 دامەزرا، واتە ئێستا زیاتر لە سێ ساڵە لە نێو بازاڕین. 
 
رووداو: تائێستاش بەردەوامە. باشە. کۆینستۆر لە چەند وڵات کاردەکات؟
 
ساموێل: ئێستا لە نزیکەی 170 وڵات چالاکین. بەتایبەتیش لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، وەکو ئاسیا، ئێندۆنیزیا، تایلاند، فلیپین و ڤێتنام. لەمدواییانەشدا.. چووینەتە نێو بازاڕی نایجیریا.
 
رووداو: دەمەوێ لەسەر مۆبایل قسە بکەم چونکە نەک تەنیا دراوە دیجیتاڵییەکان، بەڵکو تەواوی ترانزێتی بازرگانیش خەریکە بە دیجیتاڵی دەبێت. ئالوین، پلانی ئێوە چییە بۆ ساڵی 2024 کە دەگوترێت ساڵی دراوە دیجیتاڵییەکانە؟ کۆینستۆر چۆن ئامادەیە پێشوازی لەو ساڵە بکات، بەتایبەتی دوای هاڵڤینگ لە مانگی نیسان؟
 
ئالوین: بەڵێ، بێگومان پێشوازیکردن لە بازاڕ لە ساڵی 2024 پڕۆژە و پێشبینیمان هەن، بۆیە ئامادەین گەشە بکەین و زیاتر بچینە نێو بازاڕەوە.
 
رووداو: چەند وەبەرهێنەر لەسەر ئاستی رۆژانە یان مانگانە لەنێو کۆینستۆر بازرگانی دەکەن؟
 
ئالوین: بەکۆی گشتی زیاتر لە 500 کۆینی تێدایە.
 
رووداو: بە چ ئاستێک بازرگانییان پێوەدەکرێت؟
 
ساموێل: قەبارەی بازرگانی..
 
ئالوین: 400 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا.
 
رووداو: ئینجا با باسی هاتنتان بۆ هەرێمی کوردستان بکەم، چونکە ئەوە زۆر گرنگە. کاتێک هاتنە فڕۆکەخانە، ئەوە سەرنجی راکێشام، چونکە ئەوە یەکەمین جارە دێنە هەرێمی کوردستان. چۆنە هاتوون و لەسەر داوای کێ کە کۆبوونەوە و بازرگانیی لەگەڵ بکەن؟
 
ساموێل: بەڵێ، لە بنەڕەتدا سەردانمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ کۆبوونەوە بوو لەگەڵ هاوبەشێکی گەورەمان؛ بیدزکۆین. لێرە دەرفەتێکی باش دەبینین. هەروەها کەشوهەوایەکی خۆشیشتان هەیە. بۆ ئەوەیە لێرەین. تاوەکو ئەو بەڕاستی ئەو دەرفەتە بدۆزینەوە لەو بازاڕە؛ لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: زۆرباشە. باسی بیدزکۆینت کرد؛ پێش چەند رۆژێک، لە کەناڵی رووداو باسی بیدزکۆینمان دەکرد، چونکە بە رێژەی هەزارەها لە سەد نرخەکەی بەرزبووەتەوە. بەپێی دوایین ئامار، بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوە 4000٪ـە. بیدزکۆین بۆ سەکۆیەکی وەکو کۆینستۆر تا چەند بازاڕ و کۆینێکی گرنگە بۆ ئێوە؟ 
 
ساموێل: لەبارەی بیدزکۆین، پێموایە سەرەتا کە بیدزکۆین هاتە نێو کۆینستۆرەوە، پڕۆژەیەکی ساوا بوو، بەڵام ئێستا دەبینین بیدزکۆین لە پڕۆژەیەکی ساواوە گەشەدەکات و دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکان لە کۆینستۆر. پێموایە دەبێتە کۆینێك کە بە قەبارەی ملیۆنان مامەڵەی پێوەبکرێت و بەکارهێنەرانیشی بگاتە ئەو ئاستە.
 
رووداو: دەتوانی پێم بڵێی بیدزکۆین لە ساڵی 2023ـدا لە چەندەمین باشترین دراوەکان بووە لە کۆینستۆر؟
 
ساموێل: بەڵێ، بەڵێ. مەبەستت بیدزکۆینە وایە؟
 
رووداو: بەڵێ.
 
ساموێل: باشە. پێموایە بیدزکۆین تەواو بێهاوتایە، چونکە ئیکۆسیستمێکیان هەیە، پڕۆژەکانی بیدزپەی و بیدزکرێدیتیان هەیە. هەروەها ئۆفیسی تایبەتیان هەیە. زۆرێک لە دراوەکانی بازاڕ ئۆفیسی تایبەتیان نییە، تەنانەت زۆربەی کات هەر نازانی لەکوێن. بەڵام بۆ بیدزکۆین، ئۆفیس هەیە و تیمێکی گەورەشیان هەیە، بۆیە ئەمە جیاوازییەکی گەورە دروستدەکات کاتێک باس لە پەیڕەوکاری و بوون بە پڕۆژەیەکی گەورەتر دەکەیت. بەڵێ.
 
رووداو: باشە. ئالوین، چونکە تۆ لە بابەتی پێشخستن زیاتر کار دەکەیت، چ پڕۆژەیەکی بیدزکۆین زیاتر سەرنجی راکێشاویت؟ ئەوەی من پرسیومە دەڵێن، بیدزسواپ، بیدزپەی سەرنجڕاکێشن لەنێو پڕۆژەکانی بیدز ئی-ستۆر. هەر ئەو دووەن، یان پڕۆژەی دیکە سەرنجی راکێشابیت؟
 
ئالوین: باشە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە بیدز خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی سیستمی بازرگانی ئەلیکترۆنی هەیە کە بووەتە باشترین بنچینەی. ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە. چونکە زۆرینەی پڕۆژەکانی دیکە وەکو ئەو ناکەن.
 
رووداو: چ پلانێکتان هەیە بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بیدز ئی-ستۆر و بیدزکۆین؟
 
ئالوین: ئەمە زۆر سادەیە؛ ئێمە هاتووین تاوەکو زیاتر لە خەڵک و کۆمەڵگە تێبگەین لە هەرێمێک کە بیدزی تێدایە. بەتایبەتیش لەگەڵ بیدزکۆین پەیوەندییەکی زۆرباشمان هەیە، بۆیە لە شوێنێکی دووری وەکو سەنگاپوورەوە هاتووین.
 
رووداو: زۆرباشە. بەڕێز ساموێل، هاڵڤینگ بەڕێوەیە؛ دوای هاڵڤینگ جیهانی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرەو کوێ دەچێت؟
 
ساموێل: باشە. دوای هاڵڤینگ، هاوشێوەی رابردوو هەمووان پێشبینیی بەرزبوونەوە دەکەن. هەرچی ئێمەشین، پێشبینی دەکەین بازاڕ باش بێت بۆ ئەم ساڵ و ساڵی داهاتووش. بۆیە ئێمە زۆر گەشبینین لەبارەی ئەم بازاڕە، تەنانەت پێش هاڵڤینگیش، دەبێت بازاڕ باشترە و دەبووژێتەوە. بەڵێ. بۆ بیدزکۆینیش هەمان شت راستە.
 
رووداو: چ نرخێک بۆ بیدزکۆین دەبینن لە 2024؟ پێشبینی دەکەن چ ئاستێک تۆماربکات؟
 
ساموێل: بەڵێ.
 
رووداو: پار پێشبینییەکم کردبوو، پێش شەش مانگ؛ پێش دوو رۆژ هاتە جێ. ئێوە چ پێشبینییەک دەکەن بۆ بیدزکۆین؟
 
ساموێل: نرخ.. پێموایە بەدڵنیاییەوە نرخی بیدزکۆین لەوەی ئێستا بەرزتر دەبێتەوە. وەکو سەکۆیەکیش دەزانن، رەنگە نەتوانین ئامۆژگارییەکی دیاریکراو بدەین، بەڵام بینیوتانە نرخی بیدزکۆین 10 هێندە بەرزبووەوە لە 2023. پێموایە دوای هالڤینگیش نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە. بەڵێ.
 
رووداو: ئینجا بەڕێز ئالوین، بەشداربووانی بیدزکۆین ژمارەیان چەندە؟ راستە زۆرینەیان کوردن؟ یان خەڵكی دیکەشی تێدایە؟
 
ئالوین: بەڵێ بێگومان، جگە لە کوردەکان، خەڵکی دیکەش هەن دەیانەوێت زیاتر لەسەر بیدزکۆین بزانن. بەکۆی گشتیش پێموایە، 200 بۆ 300 هەزار بەشداربووی بیدزکۆین هەن.
 
رووداو: باشە. بیدزکۆین چەند چالاکییەکانی ئێوەی زیادکردووە؟ ئاستی داهات و سەردانکەرانتان چەند زیادبووە؟ 
 
ئالوین: باشە. لەبارەی ئەوەی بیدز بۆ کۆینستۆری هێناوە؛ سەرەتا بە قەبارەی زۆر مامەڵەی پێوە نەدەکرا، بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا، بیدزکۆین سەدان هەزار کەسی راکێشاوە بۆ سەکۆیەکەمان. بەتایبەتی لە باشووری ئاسیا.
 
رووداو: بە چ پلانێکی نوێ پشیتگیریی بیدزکۆین دەکەن؟ وە لەگەڵی بەردەوام دەبن یان نا؟ چونکە پارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانی تێدایە و دەیانەوێت ئاسوودە بن. کۆینستۆر پلانێکی هەیە بەهێزتر پشتگیریی بیدزکۆین بکات؟ یان لەو ئاستەی ئێستا دەمێنێتەوە؟
 
ساموێل: بەڵێ..
 
ئالوین: بەڵێ بێگومان..
 
ساموێل: با من وەڵامی ئەمە بدەمەوە..
 
رووداو: باشە.
 
ساموێل: بەدڵنیاییەوە پلانمان هەیە بۆ هاوکاریکردن لە پێشخستنی بیدزکۆین. ئامانجمان تەنیا ئەوە نییە لەسەر ئاستێک بێت. دەمانەوێت نەک تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لە رۆژئاوای ئاسیاش گەشە بکات، سەرچاوەی زۆری فرەچەشنکردنیشمان هەن. تەنانەت دەتوانین بیدزکۆین بە هەر ئاستێکی حکومەتانیش گرێبدەین لە باشووری ئاسیا، بەتایبەتی ئیندۆنیزیا و فلیپین. ئەمە بۆ ئەوەیە پشکی بیدزکۆین لە بازاڕ گەشە بکات، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە دەرەوەش، بۆ نموونە ئاسیا.
 
رووداو: بەڕێز ساموێل، خاوەنی بیدزکۆین، شڤان جەلال موڕاد، پێشتریش چەند جارێک میوانی رووداو بووە. ئەو دەڵێت، گەیشتنی بیدزکۆین بە دۆلارێک ئاسانە، بەڵام ناڵێت کەی. بەپێی پێشبینی و بۆچوونی ئێوە، بیدز دەگاتە دۆلارێک یان نا؟
 
ساموێل: پێموایە دەکرێت بگاتە زیاتر لە دۆلارێکیش. بێگومان سەرەنجام وەکو سەکۆیەک، ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین نەک تەنیا لە بەرزکردنەوەی نرخەکەی، بەڵکو لە ژینگەکەشی گەشەبکات. ئەمە ئامانجی راستەقینەمانە، چونکە ئەگەر ژینگەکە گەشەبکات، نرخەکەی دەگاتە زیاتر لە دۆلارێک.
 
رووداو: باشە. پرۆسەی مایگرەیشن دەستی پێکرد. ئێوەش ئاگاتان لێ هەبوو، (ساموێل: بەڵێ) رەزامەندیتان دا و پرۆسەکە قۆناخی یەکەمی تەواو بوو، بۆچوونتان لەسەر پرۆسەکە چی بوو؟ سەرکەوتوو بوو؟
 
ساموێل: بەڵێ، مایگرەیشن زۆر سەرکەوتوو بوو، بێ کێشە بوو و تیمی بیدزکۆین هاوئاهەنگی زۆرباشی لەگەڵمان هەبوو. بۆیە بەڵێ، هیچ کێشەیەکی نەبوو.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوە. دووبارە بەخێربێن بۆ کوردستان. ئەمە جاری یەکەمتانە، بەڵام بڕوا ناکەم دوایین جارتان بێت و دەگەڕێنەوە. یەکدی دەبینینەوە.
 
ساموێل: بەڵێ.
 
ئالوین: بێگومان.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێزان ساموێل چۆنگ، بەڕێوەبەری کۆینستۆر لە سەنگافورە. ئالوین پۆنگ، بەڕێوەبەری پلاندانان لە کۆینستۆر 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە