رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە کرداری داهاتی رادەستی بەغدا نەکردووە. گوتیشی: "ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ نەکات، عێراق مووچە نانێرێت."
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "لەسەر کاخەز هیچ گرفتێک نییە، بەڵام بە کرداری هیچ نەکراوە، بۆ ناردنی مووچە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە لە بڕیارەکەی دادگەشدا کە چوار بڕگەیە بڕگەی یەکەم جەخت لە پێدانی مووچە دەکات لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە (تەوتین)."
جەمال کۆچەر گوتی: "هەرێمی کوردستان هیچی رادەستی بەغدا نەکردووە، ئەوەی چاوەڕوانکراوەیە ئەوەیە تاوەکو بەبانکیکردنی مووچە وەک لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیدا هاتووە جێبەجێ نەکرێت، مووچە نانێردرێت."
لەبارەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من و بانکی بازرگانیی عێراق، جەمال کۆچەر گوتی: "تۆمارکردنی فەرمانبەران بەو شێوەیە نییە فەرمانبەر بچێتە بانک و هەژمار بۆ خۆی بکاتەوە، بەڵکو دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی فەرمانبەران بۆ بەغدا و بانکی بازرگانیی عێراق بنێرێت بۆ ئەوەی ئەو بانکە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکاتەوە."
سەبارەت بە رادەستکردنی داهات لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، جەمال کۆچەر گوتی: "هەرێمی کوردستان تەنیا بە زارەکی رەزامەندی داوە بۆ رادەستکردنی داهات، بەڵام بەغدا ئەو رەزامەندییەی ناوێ بەغدا پارەکەی دەوێت."
رۆژی 9-04-2024 مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، هەرچەندە بڕیار بوو لەدوای 20ـی نیسان لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ