رووداو دیجیتاڵ
ئەو سکاڵایەی کە عێراق دژی تورکیا تۆماریکردبوو، بە فەرمی لە 13ی شوباتی ئەمساڵ لە پاریس بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕیاری لەسەر درا، کە لە ئەنجامدا لە 24ی ئادارەوە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راوەستاوە.
بە پوختی، دادگەکە یەکلاییکردەوە کە تورکیا لە ساڵی 2014 بۆ 2018 بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بێ مۆڵەتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی پێشێلکردووە، بۆیە بڕیاریدا سکاڵالێکراو 1.47 ملیار دۆلار قەرەبوو بە سکاڵاکار بدات.
نێوەڕۆکی بەڵگەنامەکە پێشانیدەدات کە لە کۆی پێنج داوای عێراق دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چواریان رەتکراونەتەوە و تەنیا یەکێکیان پەسندکراوە.
بەگوێرەی بڕیاری کۆتایی دادگەکە، هەرێمی کوردستان مافی بەکارهێنانی بۆڕی، گواستنەوەی نەوت، کۆگاکردنی نەوت و دەستڕاگەیشتن بە بەندەری جەیهانی هەیە، بەڵام بێ مۆڵەتی وەزارەتی نەوتی عێراق، مافی بارکردنی نەوتەکەی بۆ نێو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نییە تاوەکو لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.
بەگوێرەی بڕیاری کۆتایی دادگەکە، هەرێمی کوردستان مافی بەکارهێنانی بۆڕی، گواستنەوەی نەوت، کۆگاکردنی نەوت و دەستڕاگەیشتن بە بەندەری جەیهانی هەیە، بەڵام بێ مۆڵەتی وەزارەتی نەوتی عێراق، مافی بارکردنی نەوتەکەی بۆ نێو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نییە تاوەکو لە بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات.
وردەکاری و ئەنجامی دۆسیەکە لە دووتوێی بەڵگەنامەیەکی 277 لاپەڕەییدا کۆکراوەتەوە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیاری دادگەی ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی پاریسە:
دادگەی ناوبژیوانی:
1- ئەنجامەکانی بڕگەی 303ی بڕیاری بەشەکیی بڕیاری 16ی حوزەیرانی 2016 پشتڕاستدەکاتەوە.
2- رایدەگەیێنێت کە سكاڵالێکراو لە 21ی ئایاری 2014ـەوە بە بارکردنی نەوتی عێراق لە [بەندەری] جەیهان پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، مادەکانی ژمارە 3 و ژمارە 7ی پرۆتۆکۆڵی 1976 و مادەی 2.3ی هەمواری 2010ی پێشێلكردوون.
3- رایدەگەیێنێت کە سکاڵالێکراو، بە رێگەگرتن لە گەیشتنی لێپرسراوانی عێراق بە نووسینگەی عێراق لە بەندەری جەیهان لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم و ئاداری 2014، مادەی 4.4ی هەمواری 2010ی پێشێلكردووە.
4- فەرمان دەکات کە پێویستە، وەک رێککەوتنەکانی ITP داوا دەکەن، لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، سکاڵالێکراو هەموو ئەو نەوتەی لە کۆگاکانی بەندەری جەیهاندا هەڵگیراوە، بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق باربکات.
5- رایدەگەیێنێت کە پێویستە لەسەر سکاڵالێکراو دەستبەجێ قەرەبوو بە سکاڵاکار بدات بە بڕی $1,997,976,023.50 (ملیارێک و 997 ملیۆن و 976 هەزار و 23 دۆلار و پەنجا سەنتی ئەمریکی) لە ئەنجامی ئەو پێشێلکردنانەی لە خاڵەکانی ژمارە 2 و 3دا هاتوون.
6- بانگەشەی سکاڵاکار بەوەی کە بڕگەی 2.4ی هەمواری 2010ی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی تایبەتی بۆرییەکان پێشێلکراوە، رەتدەکاتەوە.
7- رایدەگەیێنێت کە دۆخێکی لەتوانابەدەر لە نێوان 1ی ئاداری 2003 و 31ی تەممووزی 2007 لە کۆماری عێراقدا هەبووە، بەجۆرێک کە سکاڵاکار رەوایەتی ئەوەی هەبووە لە نێوان ئەو دوو کاتەدا، ئەرکەکانی خۆی تایبەت بە ئاستی هەرە نزمی گەرەنتیکراوی بەرهەمهێنان کە لە پاشبەندیی 1985ـدا هاتوون، رانەپەڕێنێت.
8- رایدەگەیێنێت کە سکاڵالێکراو لە لایەن سکاڵاکارەوە بڕی $67,607,024.62 (67 ملیۆن و 607 هەزار و 24 دۆلار و 62 سەنتی ئەمریکی) پێ بدرێت وەک تێچووی ئاستی هەرە نزمی گەرەنتیکراوی بەرهەمهێنان لە نێوان 27ی تەممووزی 2011 و 31ی کانوونی یەکەمی 2013، بەپێی مادەی 3.2ی هەمواری 2010. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
9- رایدەگەیێنێت کە سکاڵاکار لە ماوەی نێوان 1ی ئابی 2007 و 26ی تەممووزی 2011، بڕگەی 2.7ی پاشبەندی ساڵی 1985ی پێشێلکردووە و پێویستە 281 ملیۆن و 337 هەزار و 301 دۆلار و 50 سەنتی ئەمریکی لەئەنجامی ئەو پێشێلکارییە بە سکاڵالێکراو بدات. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
10- رایدەگەیێنێت کە پێویستە سکاڵاکار 58 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە سکاڵالێکراو بدات پەیوەست بە هەقی نەدراوی گواستنەوە لە ساڵی 1990ـەوە. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
11- رایدەگەیێنێت کە پێویستە سکاڵاکار 70 ملیۆن و 676 هەزار و 675 دۆلار و 27 سەنت پەیوەست بەو هەقی گواستنەوە کە لە ساڵی 1990ـەوە بە بەشێکی نەدراوە، بە سکاڵالێکراو بدات. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
12- رایدەگەیێنێت کە پێویستە سکاڵاکار 46 ملیۆن و 253 هەزار و 517 دۆلار و 75 سەنت پارەی نەدراوی گواستنەوەی ساڵانی نێوان 2003 و 2007 بە سکاڵالێکراو بدات. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
13- رایدەگەیێنێت کە پێویستە سکاڵاکار دوو ملیۆن و 71 هەزار و 739 دۆلاری ئەمریکی قەرەوبووی ئەو خەرجیانە بداتە سکاڵالێکراو کە بەهۆی کارمەندەکانی عێراقی لە بەندەری جەیهان کراون. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
14- رایدەگەیێنێت کە پێویستە سکاڵاکار 639 هەزار و 279 دۆلار و 31 سەنت تێچووی ئامێر و کەلوپەل بە سکاڵالێکراو بدات. ئەم بڕە پارەیە لەو پارەیە دەردەکرێت کە لە خاڵی ژمارە 5 وەک سزا خراوەتە سەر سکاڵالێکراو.
15- فەرمان دەکات سکاڵالێکراو دەستبەجێ بڕی ملیارێک و 471 ملیۆن و 390 هەزار و 486 دۆلار و پێنج سەنتی ئەمریکی بە سکاڵاکار بدات، ئەوەش دوای دەرکردنی بڕە پارەکانی ژمارە 8 تا 14 لەو بڕەی لە ژمارە 5دا هاتووە. ئەم بڕە پارەیە بە گوێرەی سوود دەگۆڕێت.
16- فەرماندەکات سکاڵالێکراو سوودی ئەو بڕە پارەیەی لە خاڵی ژمارە 5دا هاتوو، سوودەکە بە گوێرەی رێژەی ساڵانەی ئەو بۆندە تورکیانەی بە دۆلاری ئەمریکی پشتیوانیکراون، بە سکاڵاکار بدات. ئەو سوودە لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی دوای لەسەرکەوتنی بڕە پارەکانەوە، دەخرێتەسەر بڕە پارەکە. سوودەکە ساڵ دوای ساڵ، تا دەگاتە کاتی دەرکردنی ئەم بڕیارە، دووهێندەدەکرێت.
17- فەرماندەکات سکاڵالێکراو سوودی ئەو بڕە پارانەی لە خاڵەکانی 9 و 12 دیاریکراون، بە سکاڵاکار بدات، سوودەکە بە گوێرەی رێژەی ساڵانەی ئەو بۆندە تورکیانەی بە دۆلاری ئەمریکی پشتیوانیکراون دەخرێتەسەری. ئەو سوودە لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی دوای لەسەرکەوتنی بڕە پارەکانەوە، دەخرێتەسەری. سوودەکە ساڵ دوای ساڵ، تا دەگاتە کاتی دەرکردنی ئەم بڕیارە، دووهێندەدەکرێت.
18- فەرماندەکات سکاڵاکار سوودی ئەو بڕە پارانەی لە خاڵەکانی ژمارە 14 و 15 دیاریکراون، بە سکاڵالێکراو بدات، سوودەکە بە گوێرەی رێژەی ساڵانەی ئەو بۆندە تورکیانەی بە دۆلاری ئەمریکی پشتیوانیکراون دەخرێتەسەری. ئەو سوودە لە 1ی کانوونی دووەمی ساڵی دوای لەسەرکەوتنی بڕە پارەکانەوە، دەخرێتەسەر. سوودەکە ساڵ دوای ساڵ، تا دەگاتە کاتی دەرکردنی ئەم بڕیارە، دووهێندەدەکرێت.
19- فەرماندەکات سکاڵالێکراو سوودی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بە سکاڵاکاری بدات، پێی بدات، ئەوەش دوای ئەوەی کە هەموو ئەو پارەیەی پێویستە سکاڵاکار بە سکاڵالێکراو بدات یەکلاکراوەتەوە. سوودەکە بە گوێرەی رێژەی ساڵانەی ئەو بۆندە تورکیانەی بە دۆلاری ئەمریکی پشتیوانیکراون دەخرێتەسەری. سوودەکە ساڵ دوای ساڵ، تا دەگاتە کاتی دەرکردنی ئەم بڕیارە، دووهێندەدەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی هەموو پارەکە دەدرێت.
20- فەرماندەکات هەر لایەنێک بە یەکسانی شان بداتە بەر تێچووەکانی ناوبژیوانییەکە کە لە لایەن دادگەی ژووری بازرگانیی جیهانییەوە بە ملیۆنێک و 810 هەزار دۆلار دیاریکراوە و هەر لایەنێک پێویستە تێچوو و خەرجییە یاساییەکانی خۆی لە ئەستۆبگرێت.
21- هەموو داواکارییەکانی دیکەی پێچەوانەی ئەم خاڵانە کە لە لایەن هەردوو لاوە پێشكێشکرابن، رەتدەکاتەوە.
22- هەموو داواکانی دیکەی لەم نێوبژیوانییەدا کراون رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ