رووداو بەدواداچوون بۆ پارەی هاونیشتمانییان لەنێو بیدزکۆین دەکات

11-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
ئۆفیسی کۆمپانیای بیدز ئی ستۆر لە دهۆک. وێنە: رووداو
ئۆفیسی کۆمپانیای بیدز ئی ستۆر لە دهۆک. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رووداو لەنێو ئۆفیسی کۆمپانیای بیدز ئی ستۆر بەدواداچوون بۆ پارەی هاونیشتمانییان لەنێو دراوی بیدزکۆین دەکات. بەشداربوویەکی دراوەکە داوا لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات پشتگیریی دراوەکە بکەن. 
 
شەوی شەممە، 20.2.2024، بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد، بەشێوەیەکی مەیدانی لەنێو ئۆفیسی دهۆکی کۆمپانیای بیدز ئی-ستۆر بوو کە خاوەنی دراوی دیجیتاڵیی بیدزکۆینە.
 
بیدزکۆین دراوێکی دیجیتاڵییە کە بە سیستمی ئەمریکی لە ساڵی رابردوودا لەلایەن هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەو وڵاتە دروستکراوە.
 
بیدز ئی-ستۆر کە خاوەنی دراوەکەیە، لە دهۆک لقی هەیە و بەم نزیکانەش بڕيارە لقی هەولێری کۆمپانیاکە ببێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای بیدز ئی-ستۆر کە دەستی رووداو کەوتوون، تائێستا زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار [5 هەزار دەفتەر دۆلار]ـی هاونیشتمانییان لەنێو دراوی بیدزکۆینە.
 
رۆژی دووشەممە، 6.2.2024، شڤان جەلال، خاوەن و دامەزرێنەری بیدز ئی-ستۆر کە هاوکات خۆیشی دروستکەری بیدزکۆینە، لە رێگەی رووداوەوە پرۆسەی گواستنەوە (مایگرەیشن)ـی کۆینەکانی راگەیاند کە چوارشەممە 7.2.2024 دەستیپێکرد و، تاوەکو چوارشەممە 14.2.2024 بەردەوام دەبێت.
 
مایگرەیشن وشەیەکی ئینگلیزییە کە بە واتای (کۆچ دێت)، بەڵام لە دراوە دیجیتاڵییەکاندا بریتییە لە گواستنەوەی دراوەکان لە جزدانێکەوە بۆ جزدانێکی ئەلیکترۆنیی دیکە.
 
جزدانی ئەلیکترۆنی (ترەست والێت)، جزدانێکە لە رێگەیەوە بەکارهێنەر یاخود خاوەن هەژماری دراوە دیجیتاڵییەکان دەتوانێت دراو بنێرێت، وەربگرێت و ئاڵوگۆڕ پێبکات. 
 
مەبەست لە گواستنەوەی دراوەکان، پتەوکردنی سەقامگیریی و بەرزکردنەوەی نرخی دراوە دیجیتاڵییە گوازراوەکەیە.
 
تائێستا پرۆسەکە بەمشێوەیەیە:
 
تەواوبوونی گواستنەوە:
 
317 ملیۆن و 135 هەزار و 557.59 کۆین
 
کۆینی نەگوازراوە:
 
221 ملیۆن و 493 هەزار و 617.38 کۆین
 
کۆینی ماوە لە ترەست والێت:
 
538 ملیۆن و 629 هەزار و 174.97 کۆین
 
مەریەم ئیسماعیل، گوتەبێژی بیدز ئی-ستۆر کە یەکێک لە میوانەکانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو رایگەیاند، تائێستا پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەدەچێت و لەنێو کۆمپانیا و بەشێوەی ئۆنلاینیش هاوکاریی بەشداربووان دەکەم. 
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، دوای پرۆسەکە، هەنگاو و پڕۆژەی "زۆر گەورە"ـیان لەبەردەمە.
 
مەریەم ئیسماعیل گوتیشی، ئێستا رۆژانە کۆمپانیاکە قەرەباڵخە و خەڵکێکی زۆر لە هەموو ناوچەکان بۆ گواستنەوەی بیدزکۆینەکانیان سەردانیان دەکەن و، درێژکردنەوەی دەکەوێتە سەر ئاراستەی تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە تاوەکو رۆژی چوارشەممە.
 
گوتەبێژی بیدز ئی-ستۆر باسی لەوەشکرد، بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە، دەبێت بەشداربوو بەڵگەنامەیەکی فەرمی بهێنێت، وەک ناسنامەی باری شارستانی، رەگەزنامە، کارتی نیشتمانی و هتد.
 
لەیلا تۆفیق، کارمەندی کۆمپانیای بیدز ئی-ستۆر میوانێکی دیکەی بووڵتەنی رووداو بوو و دەڵێت، پرۆسەی گواستنەوەی بیدزکۆینەکان 15 بۆ 30 خولەک دەخایەنێت بەشێوەیەکی ئاسایی.
 
لەیلا تۆفیق دەڵێت، تائێستا هیچ ئاستەنگێک نەهاتووەتە بەردەم پرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەدەچێت.
 
شڤان جەلال، دامەزرێنەر و خاوەنی بیدزکۆین و هاوکات دروستکەری دراوە دیجیتاڵییەکە، میوانێکی دیکەی بووڵتەنی ئەو شەوەی رووداو بوو.
 
شڤان جەلال دەڵێت، تائێستا دوایین بڕیار ئەوەیە کە پرۆسەی گواستنەوەی کۆینەکان تاوەکو 14ـی ئەم مانگەیە و بۆ درێژکردنەوەی پرۆسەکە، لەگەڵ ئیدارەی کۆمپانیاکە لە گفتوگۆدان و هەوڵدەدات پرۆسەکە درێژ بکەنەوە.
 
بیدز ئی ستۆر لە 22.1.2022 لە ئەمریکا دامەزرا و لە 22ـی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا راگەیێندرا. 
 
کۆمپانیاکە سێ ئۆفیسی هەیە؛ لە هەرێمی کوردستان لە دهۆک لقی هەیە و لە هەولێریش بەم نزیکانە لقەکەی دەکرێتەوە.
 
"داوا لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین پشتگیریی بیدزکۆین بکەن"
 
رزگار حەمید، بەشداربوویەکی دیاری بیدزکۆینە لە شاری دهۆک کە هاوکات رۆژانە بەشێوەی خۆبەخش دەچێتە ئۆفیسی کۆمپانیاکە تاوەکو یارمەتیی بەشداربووان بدات لە پرۆسەی گواستنەوەی بیدزکۆینەکان.
 
رزگار حەمید، میوانی بووڵتەنەکە بوو و رایگەیاند، ئەگەر پرۆسەکە پێش شەش مانگ دەستی پێکردبووایە زۆر باشتر بوو، بەڵام ئێستاش کارەکان باش بەڕێوەدەچن.
 
ئەو بەشداربووە دەڵێت، سوپاسی رووداو و بەختیار عەبدولعەزیز دەکات کە خەمخۆرانە بەدواداچوون بۆ پارەی هاونیشتمانیان دەکەن لەنێو کۆمپانیای بیدز ئی ستۆر و دراوی بیدزکۆین.
 
رزگار حەمید داوا لە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەکات پشتگیریی بیدزکۆین بکەن و دەڵێت "هەزاران کەس بەشداربووی ئەو دراوەن".
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە