وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: زیاتر لە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپیمان دابەشکردووە

11-01-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، نەوتیان بەسەر زیاتر لە 250 هەزار خێزاندا دابەشکردووە و دوای تەواوبوونی دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەكان، دابەشکردنی نەوتی سپی لە شوێنەکانی دیکە دەستپێدەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە 11-1-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "تاوەکو دوێنێ سێشەممە بڕی 50 ملیۆن و 480 هەزار و 200 لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكراوە کە 252 هەزار و 401 خێزان لێی سوودمەندبوون و پڕۆسەكەش بەردەوامە." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان، قۆناخی دابەشکردنی نەوتی سپی لە شوێنەکانی دیکەش دەستپێدەكات.  
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیسماعیل بەحری، بەرپرسی لیژنەی چاودێری کوالێتی سووتەمەنی لە ئیدارەی راپەڕین و نوێنەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی نەوت لە ئیدارەی راپەڕین تەواو بووە و دابەشکردن وەستاوە. چاوەڕێی قۆناخی دووەمین، چونکە هەموو ئەو ناوچانەی بە ناوچەی شاخاوی دانراوە نەوتیان وەرنەگرتووە." 
 
هاوکات سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت: "ئێمە چاوەڕوانی نەوتین پێمان بگات و دوای پشکنین دابەشی بکەین. تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئێمە نەوتیان وەرگرتووە کە 92 هەزار خێزان بوون. قەزا و ناحییە و سەنتەری شارەکان ماون." 
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە دابەشکردنی قۆناخی دووەمدا ئەگەر نەوتیان پێبگات لە قەزا و ناحییەکان دابەشی دەکەن و دوای ئەوە لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەوت دابەشدەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەوتی پێویست گەیشتە فەرمانگەی نەوت و کانزاکان، لە هەولێر و دەوروبەری دابەشدەکرێت."
 
هەر رۆژی دووشەممە هاوکات موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی گوت، هەرکات دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شاری دهۆک تەواو بوو، لە سەنتەری شارەکەش دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 18 ملیۆن و 500 هەزار لیتر و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 12 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاونیشتمانییاندا بەرمیلی بە 103 هەزار و 500 دینار دابەشکراوە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژی 20-10-2022، دەستی بە دابەشکردنی نەوت کرد. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 257 هەزار خێزان هەن. بۆ وەرگرتنی نەوت دابەشی سەر سێ زۆن کراون:
 
- ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان.
- ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان.
- سەنتەری شارەکان 625 هەزار خێزان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە