وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا: لە شرناخ نەوتێکی زۆرمان دۆزیوەتەوە

11-12-2022
لە شرناخ رۆژانە 1300 بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت
لە شرناخ رۆژانە 1300 بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دۆزینەوەی بڕێکی زۆر نەوتی لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان راگەیاند. 
 
فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند: "کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت لە چیای گابار لە سنووری پارێزگای شرناخ بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوتی دۆزیوەتەوە. ئێستا ئێمە لە چوار گوندی چیای گابار و دەوروبەری، رۆژانە 1200 بۆ 1300 بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین."
 
فاتیح دۆنمەز گوتیشی: "دەیبینن ئەمە یەکێک دەبێت لە گەورەترین هەوڵەکانی دۆزینەوەی نەوت، بەڵام پێویستمان بە کاتی زیاترە. لە یەک تاوەکو دوو ساڵی داهاتوودا دەگەینە ئاستێک کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین".    
 
ئەو یەدەگی نەوتە لە هەشت بیری هەڵکەندراو لە رێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە؛ هەروەها کار لەسەر شەش بیری دیکە لە هەمان ناوچەدا دەکرێت. 
 
ماوەیەکە هەڵمەتی گەڕان بەدوای نەوت لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان چڕ بووەتەوە. ئێستا لە چوار بیری پارێزگاکە نەوت دەردەهێنرێت. 
 
هاکان بوراک، موختاری گوندی شەرەفی دەڵێت، "ئێمە وەک خەڵکی گوندەکە، هەرگیز بڕوامان نەدەکرد ئێرە نەوتی لێ بێت. ئەو کارەی لێرە دەکرێت، سوودێکی گەورە بە ئابووریی وڵاتەکەمان دەگەیێنێت. لێرە یەدەگێکی زۆر گەورەی نەوت دۆزراوەتەوە." 
 
نەوتی شرناخ لای بەرپرسان و میدیای تورکیا بووەتە رۆژەڤێکی سەرەکی. وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان و وزەی تورکیا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەوان هیوایان بە نەوتی شرناخ هەیە، "ئامانجمان ئەوەیە ژمارەی بیرەکان لەو ناوچەیە بگەیێنینە سەرووی 10 بیر."
 
5ی ئەم مانگە، فواد ئۆکتای، جێگری سەرۆککۆماری تورکیاش لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی، گەڕان بە دوای نەوتدا لە شرناخ یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانیان. 
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان و وزەی تورکیا، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان هەزار و 200 بیری نەوت هەن، زۆربەشیان دەکەونە پارێزگاکانی ئیلهـ، سەمسوور، مێردین، روها، سێرت و شرناخ. کۆی بەرهەمی رۆژانەی ئەو بیرانە 65 هەزار بەرمیلە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی ئەربیل هیڵز

ئەربیل هیڵز لە بەغدا ناسێندرا؛ 'زۆر جیاوازە لە پڕۆژەکانی دیکە'

لە پڕۆژەکەدا کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 100 مەتری و 120 مەتریی هەولێر، 14 دەریاچە و 18 گۆڕەپانی گۆڵفی تێدایە، یەکەکانی ئەو پڕۆژەیە زۆربەیان ڤێلا و کۆشکن کە دیمەنێکی تەواو جیاوازیان بە پڕۆژەکە بەخشیوە.