رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشاندا مووچە راگیراوەکان خەرج بکات؛ هاوکات مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 10-09-2024 هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا گوتی، "سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەتایبەت پێی راگەیاندم، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی نیشاندا مووچە راگیراوەکان خەرج بکات."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشی خەرج بکات."
هەروەها ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگی دا لەسەر پەسندکردنی راسپاردەی کۆبوونەوەی هاوبەشی دوێنێی ئەنجوومەنی ئابووریی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی مووچە راگیراوەکانی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتەوە تاوەکو ئاب و، بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی دارایی 2024."
ئەمڕۆ کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە بە رووداوی گوتی، "ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت تاوەکو کێشەی بایۆمەتری چارەسەر دەکرێت، چونکە تەنیا کەمئەندام نییە بایۆمەتری نەکردووە، خانەنشین و شەهیدانیش هەن، بەڵام ئەمە راسپاردەیە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان دەبێت رەزامەندی بدەن سەبارەت بەو بابەتە. بەڵام وەزیری دارایی عێراق پشتیوانیی بۆچوونەکەی ئێمە بوو کە مووچە بەردەوام بێت."
مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد؛ مووچەی مانگی حەوتیشی لەبری ئەو زیادانەی کە لە مانگەکانی 2، 3، 4، 5 و 6 هەبوون، گێڕایەوە و نەینارد، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری مانگی حەوت (تەممووز) دابەشی کرد.
هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە دێن، کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەنێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کردیان و باسیان لە دۆسیەکانی مووچە، خانەنشینان، نیڤشکان، پیشەسازی، دەروازە سنوورییەکان و وەبەرهێنان کرد. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە لیژنە بۆ هەموو دۆسیەکان دروستکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ