ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە زیاتر لە 2360 دۆلار

10-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە زیاد لە 2360 دۆلار. بەم نرخەی ئێستا، سبەی لە هەرێمی کوردستانیش نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 10-5-2024 نرخی زێڕ بەردەوامی بە بەرزبوونەوەکانی دوێنێ دا. هەر ئۆنسەیەک زێڕ 18 دۆلاری دیکە بەرزبووەوە و گەیشتە 2364 دۆلار.
 
لە ئێوارەی دوێنێوە، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 50 دۆلار هاتووەتە سەر نرخەکەی.
 
ئامارەکانی کاری ئەمریکا و گرەوەکان لەسەر بەردەوامیی شەڕ و گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
ئێوارەی پێنجشەممە وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا زیاد لە 22 هەزار کەسی دیکە داوای بیمەی بێکارییان کردووە و ژمارەکە گەیشتووەتە 231 هەزار کەس.
 
ئەمە بەرزترین ئاستە لە 8 مانگی رابردوودا و ئاماژەیە بە زیادبوونی بێکاری. ئەوەش لە بەرژەوەندیی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە، چونکە وا دەکات هەڵاوسان دابەزێت و ئەوکاتەش دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
 
رۆژی هەینی پێشووش هەمان وەزارەت رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی نیساندا هەلی کاریان بۆ رەخساوە گەیشتووەتە 175 هەزار کەس. لە مانگی ئاداردا ئەو ژمارەیە 303 هەزار کەس بوو.
 
ئەمەش بە هەمانشێوە ئاماژەیە بە زیادبوونی بێکاری و لە بەرژەوەندیی سیاسەتی نەختینەیی وڵاتەکەیە.
 
کەمبوونەوەی هەڵاوسان و لەوێشەوە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆی دابەزینی پێنوێنی نرخی دۆلار و لە بەرژەوەندیی دژەکانیەتی، بەتایبەتی زێڕ.
 
لە سەرەتای ساڵدا پێشبینی دەکرا لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات. دواتر هەڵاوسان گەیشتە 3.5٪.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 1-5-2024 رایگەیاند، متمانەیان بە کەمبوونەوەی هەڵاوسان بۆ 2٪ لاواز بووە و تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات، سوودی بانکی لە 5.5٪ دەهێڵنەوە.
 
بەپێی ماڵپەڕی CME Fedwatch tool کە خوێندنەوە و بەدواداچوون بۆ سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا و ئامارەکان دەکات، 50٪ـی بازرگانان پێشبینی دەکەن لە ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
 
کەمبوونەوەی گەشبینییەکان لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هۆکارێکی دیکەی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ. 
 
راپۆرتەکان لەبارەی سەپاندنی گومرگی نوێ لەسەر کاڵای چینی لە لایەن ئەمریکاوە، هۆکارێکی دیکەن کە زێڕ لەو ئاستەدا ببیندرێت.
 
بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕی جیهانی کاریگەریی لەسەر نرخەکەی لە بازاڕە نێوخۆییەکانی جیهانیش دادەنێت.
 
ئەگەر لەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، رەنگە سبەی لە کاتی کردنەوەیدا لە هەرێمی کوردستان، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 5 بۆ 10 هەزار دینار بەرزببێتەوە.
 
ئەمڕۆ پشووی فەرمییە و بازاڕەکانی دراو و زێڕ لە هەرێمی کوردستان داخراون. لەکاتی داخستنی بازاڕدا لە ئێوارەی پێنجشەممە، نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24 = 540,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 =500,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 =475,000 دینار
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18 =410,000 دینار

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە