رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێشنیازکراوە حکومەتی عێراق بە قەرز پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی پێبدەن پاشان لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 ئەو قەرزە وەربگرنەوە.
نزیکەی هەفتەیەک بەسەر رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێدەپەڕێت لەبارەی نەوت، بەڵام هێشتا تورکیا وەڵامی حکومەتی عێراقی نەداوەتەوە لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
محەممەد بەلداوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی چاودێریکردنی بەرنامەی حکومەت و پلانی ستراتیژی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەیەک دروستبوو بۆ پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە لایەن تورکیاوە، ئەوەش بەهۆی بڕیاری دادگەوە بوو، هەروەها ئەو قەرەبووەی دیاریکراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە حکومەتی فیدراڵی جدییانە سەیری ئەو بابەتە و وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم [ـی کوردستان] دەکات، بۆیە هەوڵ دەدات لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم شایستە داراییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە."
یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەسەر بودجەی گشتی عێراق، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو راپۆرتی لیژنەکە تەواو بکرێت و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت، بەمەش خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدان لەسەری نزیکتر دەبێتەوە.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رووداوی راگەیاند: بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، ئێمە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرت و کۆبوونەوەکانین، ئەویش لەپێناو تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی بودجە، تاوەکو بە زوویی راپۆرتەکە پێشکەش بکرێت لە لیژنەی داراییەوە بۆ پەرلەمان، دواتر دەست دەکرێت بە وەرگرتنی تێبینیی لیژنەکان و پەرلەمانتارانی دیکە.
خوێندنەوەى دووەمى پڕۆژەیاساى بودجە بۆ گوێگرتن و زیادکردنى تێبینیی لیژنەى دارایی و پەرلەمانتارانى دیکەیە لەسەر پڕۆژەیاساکە، بودجەی گشتیی عێراق 197 ترلیۆن دینارە و زیاتر لە 63 ترلیۆن دینار کورتهێنان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ