کەشوهەوا و گەڕانەوەی ترەمپ نرخی نەوتیان گەیاندە نزیکەی 80 دۆلار

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە سێ مانگی رابردوودا.
 
دوا نیوەڕۆی رۆژی هەینی، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دوو دۆلار و یەک سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 87 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش دۆلارێک و 92 سەنت بەرزبووەوە و بە 75 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی نەوتە لە 11ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، نرخی نەوتی برێنت 7.5٪ و نرخی نەوتی ئەمریکاش 8.5٪ بەرزبوونەتەوە. واتە هەردووکیان نزیکەی 5 دۆلار بەرزبوونەتەوە.
 
ئۆلێ هانسن، سەرۆکی بەشی ستراتیژیی کاڵاکان لە بانکی ساکسۆ دەڵێت: "ئەمڕۆ چەند شتێک ئاراستەی نرخی نەوت دیاری دەکەن. لە مەودای کورتخایەندا، کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی ئەمریکا ساردە، ئەوەش خواست لەسەر سووتەمەنی زیاد دەکات. لە مەودای درێژخایەنیشدا، بازاڕ سەرنجی لەسەر ئەگەری سەپاندنی سزای زیاترە، بەتایبەتی بۆ سەر ئێران".
 
نووسینگەی کەشوهەوای ئەمریکا پێشبینی دەکات لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، پلەی گەرما بۆ خوار سفر دابەزێت. بەشێک لە ناوچەکانی ئەورووپاش رووبەڕووی سەرمایەکی سەخت بوونەتەوە کە کەشوهەوا ساردترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و رەنگە ئەو دۆخە بەردەوام بێت.
 
بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی لە یاداشتێکدا دەڵێت: "پێشبینی دەکەین لەسەر ئاستی ساڵانەدا، لە چارەکی یەکەمی 2025ـدا، خواستی جیهان لەسەر نەوت ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیادبکات. هۆکاری سەرەکیش زیادبوونی خواستە لەسەر نەوتی سپی و گازی ئێڵ پی جی".
 
20ـی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات. ئەمە ترسی سەپاندنی سزای بەسەر ئێران و رووسیا زیادکردووە. ئەوەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخی نەوت دەبێت. بەتایبەتی کە ئێستا نەوت لە کۆگاکانی ئەمریکا کەمبووەتەوە.
 
زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی مانگێک
  
نرخی زێڕیش بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئەمڕۆ ئۆنسەیەک گەیشتە 2681 دۆلار.
 
بەم پێیە، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 11 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مانگی رابردوودا.
 
ئامارەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی کرێکارانیش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە ئەمریکا ئاشکرایان کرد، ژمارەی دامەزراندنەکان کەمبوونەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە مانگی 12دا 122 هەزار کەس دامەزراون کە کەمترە لە ئامارەکانی مانگی 11. سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دادەنێت.
 
بازرگانان پێیانوایە، ئامارە نوێیەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە هاندەدات بە ئاسوودەیی زیاترەوە بەردەوام بێت لە دابەزاندنی سوودی بانکی لە ئەم ساڵدا کە دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆڕێکی کارەبا لە دیمەشق. وێنە: Reuters

تورکیا: رۆژانە 210 مێگاوات کارەبا دەدەینە سووریا

وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژانە 210 مێگاوات کارەبا بۆ سووریا دابین دەکەن. راشیگەیاند دەتوانن لە شەش مانگی داهاتوودا 500 مێگاوات کارەبا بۆ حەلەب دابین بکەن.