رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا کۆتایی بە لێخۆشبوونی عێراق بۆ کڕینی گازی ئێران هێنا و گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە رووداوی راگەیاند، "هیوادارین سەرچاوە گازیی و تواناکانی بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان سوودی بۆ هەموو عێراق هەبێت."
رۆژی شەممە 8ـی ئاداری 2025، گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئیمێڵەوە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن سەبارەت بەو بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ دایەوە و راگەیاند، ئەو هەنگاوەی واشنتن لە بەرامبەر عێراق "بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئێران هیچ ئاسانکارییەکی ئابووری و دارایی بەدەست نەگات."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە سەرچاوەی جێگرەوەی گازی ئێران داوە و دەڵێت: "هیوادارین، هەموو عێراقییەک سوود لە سەرچاوەکانی گازی سرووشتی و توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانی عێراق."
گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێت: "کۆمپانیاکانی ئەمریکاش ئامادەن و چاویان لەوەیە هاوکاریی حکومەت بکەن لە زیادکردنی بەرهەمی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق".
رۆژی شەممە، ئیدارەی ترەمپ کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە رێگەی بە حکومەتی عێراقی دەدا، گازی ئێرانی بکڕێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش هەنگاوێکی نوێی حکومەتی ئەمریکایە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.
ئەو گوتەبێژە گوتی: "ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رێکاری تایبەتی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆکە تاوەکو دڵنیابین لەوەی رێگە بە ئێران نەدەین، هیچ کارئاسانییەکی ئابووری و دارایی بۆ بکرێت."
سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە بواری نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا گوتی: "داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین بەزووترین کات پشتبەستن بە سەرچاوە وزەییەکانی ئێرانی کۆتایی پێبهێنێت. پێشوازیش لە پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەبواری وزەدا."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئەمریکا بە دووری دەزانێت ئەو بڕیارەی ئەمریکا، کاریگەری گەورەی لەسەر کەرتی کارەبای عێراق هەبێت و گوتی: "ئەو بڕە کارەبایەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا، ئەوەندە کاریگەریی لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ خەڵکی عێراق نەبوو. لەساڵی 2023، بڕی هاوردەکردنی کارەبای ئێران، تەنیا 4٪ بڕی بەکارهێنانی کارەبای عێراقی پڕکردووەتەوە."
هەروەها گوتی: "ناتوانرێت پشت بە ئێران ببەسترێت وەکو سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزە، چونکە ئەوان ناتوانن پێداویستیی ناوخۆیان دابین بکەن، نەک هاوردەکردن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە "قۆناخی راگوزەری بواری وزە دەرفەتێک دەبەخشێتە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە سەرکردایەتی جیهان دەکەن لە زیادکردنی بەرهەمی وێستگەکانی کارەبا و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەنێوان هاوبەشە متمانەپێکراوەکان."
ئەو گوتەبێژە هەروەها رایگەیاندووە، هەڵمەتی گوشارەکانی ئیدارەی ترەمپ لەپێناو ئەوەیە "کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت و زیان بە بەرنامە مووشەکی بالیستییەکەی بگات و رێگریش لە پشتیوانی ئێران بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان بکەین."
لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت، بەڵام رۆژی شەممە، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش بۆ دواجار نوێی نەکردەوە.
بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بداتە تاران، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، پارەکە دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.
لەبارەی رێکارە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، جەیمس هیوت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، رایگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ زۆر روون بووە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەست لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم هەڵبگرن. هیواداراین دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرژەوەندیی خەڵکەکەیان و ناوچەکەش لەبەرچاو بگرن."
لە ساڵی 2018وە ئەمریکا، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەوڵبدەن کەمتر پشت بە بە گاز و کارەبای ئێران ببەستن. گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، ئەو داوایەی بۆ بەغدا دووپاتکردەوە و گوتی "داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەین، بەزووترین کات کۆتایی بە پشتبەستن بە سەرچاوە وزەییەکانی ئێران بهێنێت."
عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە، کە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، کە ئەو بڕە گازە 30٪ی کارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام بەمدواییانە ئێران هەناردەی گاز و کارەباکەی بۆ عێراق زۆر کەم کردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ