نرخی نەوت بۆ نزیکەی 76 دۆلار دابەزی و زێڕ کەمێک بەرزبووەوە

08-06-2023
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەوت هەناردەکردنی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت 22 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی زێڕیش کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1946 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 20 سەنت دابەزی و بە 72 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بازرگانانی نەوت نیگەرانی کەمبوونەوەی خواستن لەسەر ئەو بەرهەمە ستراتیژییە، بەوپێیەی ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان لەئارادایە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی نرخی نەوت ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 8-6-2023) سنووردار بووە بەهۆی پلانی سعودیە و هاوپەیمانانی لە ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی خستنەڕووی نەوت.
 
سیتی بانکی ئەمریکی لەو بارەیەوە رایگەیاند تاوەکو پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، پێشبینییان کردبوو نرخەکانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەرەو دابەزینی زیاتر بڕۆن، بەڵام کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت دەبێتە هۆکار بۆ سنووردارکردنی دابەزینی نرخەکەی.
 
سیتی بانک لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکات، تەنانەت کەمکردنەوەی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل، نەتوانێت نرخەکانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە داتاکانی هەناردە و هاوردەی چین بڵاوبوونەوە، تێیاندا دەرکەوت؛ ئابووریی چین بەو شێوازەی پێشبینیکراوە نەبووژاوەتەوە، ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەلایەن گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 1946 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی زێڕ توانیی هەندێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و هەر ئۆنسەیەکی لە 1937 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 1946 دۆلار.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، هەروەها بەرزبوونەوەی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بوونە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای کاڵا و کانزاکان.
 
هەفتەی داهاتوو بڕیارە بانکی ناوەندیی ئەمریکا جارێکی دیکە لەسەر سوودی بانکی کۆببێتەوە و ئەگەر هاتوو سوودی بانکی زیاتر بەرزکرایەوە ئەوا پێشبینیی دابەزینی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 07-06-2022 دوو بانکی ناوەندی کەنداو و ئوسترالیا سوودی بانکییان بەرزکردەوە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ پارێزگاری لە ئاستی 1937 تاوەکو 1940 دۆلار دەکات، بەڵام ئەگەر ئەو ئاستە بشکێت نرخی زێڕ ئەگەری هەیە تاوەکو 1926 دۆلاریش دابەزێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستەکانی 1960 و 1970 دۆلار لەئارادایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.