رووداو دیجیتاڵ
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەکان بەردەوامە لە دابەزین، یەک دۆلار بە 26.19 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەر لە کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 26.19 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر نرخی یەک دۆلار بووە 26.10 لیرە. هەر لەو کاژێرەدا یەک یۆرۆ سەرەتا بە 28.48 لیرە و دواتر بە 28.39 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا. لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە ئاستی 26 لیرە.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی حوزەیرانی 2023، بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەی سوودی بانکی بە 650 خاڵی بنەڕەتی، یان بە رێژەی ٪6.50 زیادکرد و رێژەکەی گەیاندە 15٪، ئەمەش کەمتر بوو لە ئاستی پێشبینییەکان. ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بانکی ناوەندیی تورکیا رێژەکە بۆ زیاتر لەو ئاستە بەرز بکاتەوە. لە ماوەی یەک مانگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، لیرەی تورکی نزیکەی 30٪ـی بەهای لەدەستدا.
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ