لیژنەیەکى پەرلەمان و تیمێکى وەزارەتى نەوتی عێراق لەبارەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کۆدەبنەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق میوانداریى بریکارێکى وەزارەتى نەوت و تیمى سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنى هەموارى یاسای بودجە دەکات بۆ تاوتوێکردنى پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و بەربەستەکانى بەردەمى.

زورغام مالیکى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ میوانداریکردنى ئەو بەرپرسانە کاژێر 01:00ـی پاشنیوەڕۆى رۆژی سێشەممە، 18ـى ئادار دەبێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا میوانداریى باسم محەممەد خزەیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى دەرهێنان و تیمى تایبەتى وەزارەتەکە دەکرێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنى هەموارى مادەى 12ـى یاساى بودجەى گشتى عێراق. 
 
زورغام مالیکى گوتى: "میوانداریکردنەکە بۆ دوو تەوەرى سەرەکییە؛ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و بەربەستەکانى بەردەمی".
 
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد. هەموارەکە بڕگەى (ج) لە بەندى یەکەمى مادەى 12ـى یاساکەى هەڵوەشاندەوە و داڕشتەیەکى نوێى جێگیر کرد.
 
هەموارەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات و پێویستە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە