رووداو - هەولێر
بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەمڕۆ ژمارەیەکی پێوانەیی بە لەدەستدانی بەهاکەی تۆمارکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2022، لە بۆرسەکانی تورکیا لیرەی تورکی ژمارەیەکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمارکرد. بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 18.60 لیرە و دواتر لە 18.58 لیرە جێگیربوو. هەروەها یەک یۆرۆ بە 18.24 لیرە و یەک پاوەندی ئیستەرلینیش بە 19.92 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
ئەم دابەزینەی بەهای لیرەی تورکی لە کاتێکدایە کە رۆژی 22ی ئەیلوولی 2022، دامەزراوی سیاسەتی دراو سەر بە بانکی ناوەندیی تورکیا، رێژەی سووی سەر گواستنەوەی هەفتانەی دراوی 100 خاڵ دابەزاند و لە 13٪ـەوە بۆ 12٪ کەمیکردەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای حەوت جار لەسەر یەک و لەسەرەتای ئەمساڵەوە رێژەی سوودی بانکی دەستکاری نەکرد و لە 14% بە جێگیری هێشتبوویەوە.
ئابووریناسان، ئەم هەوڵەی بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکیی بۆ 12٪ بۆ بایەخی بانکەکە دەگەڕێننەوە بۆ خزمەتکردن بە سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری بۆ کۆتایی ساڵ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، بڕیارەکە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی ئاستی هەڵاوسانەکان نەبووە کە تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ئاستی هەڵاوسانیشی بۆ سەرووی 80.2٪ بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ