یەک دۆلار بە نزیکەی 32 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە دەکرێت

06-03-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە دابەزی و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد.
 
لەگەڵ کردنەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 31.91 لیرە مامەڵەی پێوەکرا؛ دواتر بەهای لیرە کەمێک بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە 31.72 لیرە و یەک یۆرۆش بە 34.51 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
 
رۆژی سێشەممە، 5ی شوباتی 2024 یەک دۆلار بە 31.80 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و لە کاتی داخستنی بازاڕە داراییەکاندا نرخی فرۆشتنی دۆلار بە 30.60 لیرە بوو.
 
لیرەی تورکی لە حوزەیرانی پارەوە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکانی دیکە دەستی بە دابەزین کردووە و لە هەفتەی رابردوویشدا بۆ یەکەمجار بۆ سەرووی 31 لیرە دابەزی.
 
لە 12 مانگی رابردوودا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زیاتر لە 65٪ دابەزیوە.
 
هۆکارە سەرەکییەکەی دابەزینی بەهای لیرە کورتهێنانی بازرگانییە، واتە وڵاتەکە زۆر زیاتر کاڵا هاوردە دەکات لە هەناردە، ئەوەش وا دەکات دۆلار لەو وڵاتە کەم بێتەوە، ئەوە جگە لە سیاسەتی نەختینەیی و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای هەشت جار بەرزکردنەوەی لەسەر یەک، رۆژی 22ـی شوباتی 2024 سوودی بانکی لە 45٪ـدا جێگر کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە