رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی زێڕ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار، بەرزبووەوە.
وەبەرهێنەر و بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەکەن، بەتایبەتی ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلی نوێی کارکردن لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، بۆ ئەوەی بەرچاویان روون بێت کە سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-1-2025)، بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 2643 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە بۆ 2656 دۆلار.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار، پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
کۆمەڵێک داتای ئابووریی ئەمریکا لەم هەفتەیە دا بڵاودەبنەوە، ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی پیشەسازی و بازاڕی کاری ئەمریکا، دەتوانن کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار و نرخی زێڕ دروست بکەن.
واتێرێر پێیوایە سستبوونی کەرتی پیشەسازی لە ئەمریکا، بەهای دۆلار دادەبەزێنێت و بە قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.
نرخی زێڕ قازانجی لە ژینگەی سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا وەرگرتووە، کە بەرەو دابەزاندنی زیاتری سوودی بانکی دەڕوات.
کیشە جیۆسیاسییەکان هەروەها پاڵپشتی زیاتریان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ