بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری کاشی زیادکرد؛ 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار دینار

05-10-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار جارێکی دیکە دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە 157 هەزار دینار.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5.10.2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراوی هەولێر، 100 دۆلار بە 156 هەزار و 600 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 100 دۆلار بە 156 هەزار و 450 دینار بوو، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 157 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 193 ملیۆن و 82 هەزار و 499 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە 30 ملیۆن و 220 هەزار دۆلاری بە کاش و 162 ملیۆن و 862 هەزار و 499 دۆلاریشی بەشێوەی حەواڵە بوو. سەرەڕای ئەوەش بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزی.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق تەنیا نۆ ملیۆن و 370 هەزار دۆلاری بە شێوەی کاش خستبووەڕوو، کەچی بەهای دینار بەرزبووەوە و لەکاتی داخستی بازاڕدا 100 دۆلار بە 156 هەزار و 650 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، تاوەکو پێش نیوەڕۆ، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بەرزبوونەوەدا بوو و 100 دۆلار بۆ 156 هەزار و 100 دینار دابەزی، بەڵام دواتر بەهای دینار دابەزی و پێش کاتی داخستنیش، 100 دۆلار گەیشتبووە 157 هەزار و 350 دینار.
 
جەبار گۆران دەڵێت، راستە رۆژانی پێشوو بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری کەمی بە شێوەی کاش دەخستە بازاڕەوە، بەڵام خواستێکی زۆری لەسەر نەبوو، بۆیە بەهای دینار دانەبەزیوە.
 
هەریەک لە حاجی سابیر و جەبار گۆرانی رایانگەیاند، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سەرەڕای زیادکردنی خستنەڕووی دۆلاری کاش، ئەوەیە کە ئێستا خەڵک و بازرگانێکی زۆر لە شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە بە مەبەستی گۆڕینەوەی پارەکانیان بە دۆلار، روودەکەنە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە لێرە بەهای دینار بەرزترە وەک لە شارەکانی خۆیان.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر دۆلار جێگیر بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە