دەستەی ئاماری تورکیا: هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی رابردوودا بۆ 38.21٪ دابەزیوە

05-07-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
  
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 38.21٪ دابەزیوە، بەڵام گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) دەڵێت، هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 108.58٪ بەرز بووەتەوە. 

دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023، قەبارەی هەڵاوسانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە حوزەیرانی 2023دا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2022، رێژەی هەڵاوسان 3.92٪ بووە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش بۆ 38.21% دابەزیوە، بەمەش نزمترین ئاستی لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا تۆمار کردووە.
 
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان (ENAG) کە رۆژی دووشەممە، 3ی تەممووزی 2023 بڵاوکرایەوە، هەڵاوسان لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بە رێژەی 8.54٪ بەرزبووەتەوە و هەڵاوسانی ساڵانەش 108.58٪ بووە. 
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان کات لە 2022 زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخ لە کەرتی چێشتخانە و هۆتێلەکان بووە بە رێژەی 19.03٪؛ هەروەها بەرزبوونەوەی کرێی ئامرازی گواستنەوە و پێداویستییەکانی ئەو کەرتە بە رێژەی 15.96٪ و کەلوپەلی ناوماڵ بە رێژەی 10.82٪ بووە.  
 
لە گرووپە سەرەکیی خەرجییەکاندا، ئەو گرووپە سەرەکییەی کە کەمترین زیادبوونی لە مانگی حوزەیرانی 2023دا نیشانداوە بەراورد بە مانگی پێشوو، بە رێژەی 2.39٪ لە کەرتی پەیوەندیکردن بووە، خەرجییەکانی کەرتی تەندروستی وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ زیادبوون یان کەمبوونێک تۆمار نەکراوە.  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە