رووداو-هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی و نرخی زێڕ دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە.
رۆژی دووشەممە 4-7-2022 دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، هەڵاوسان گەیشتووەتە 78٪. بانکی وەبەرهێنانی J.P. Morgan یش کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، مەزەندەی بۆ هەڵاوسانی چەند وڵاتێک بڵاوکردەوە و لەبارەی تورکیا دەڵێت: "مەزەندە دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ هەڵاوسان لە تورکیا 49.5٪ـەوە بۆ 63.1٪ بەرزببێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی کرانەوەی بۆرسەکانی تورکیا دۆلارێک بە 16.83 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکرا و کاژێر 10.00ـی بەیانی گەیشتە 16.97 لیرە و ئێوارەش 17 لیرەی تێپەڕاند. هەروەها نرخی 1 یۆرۆ بووە 17.58 لیرەی تورکی.
هاوکات لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ، نرخی زێڕ دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە.
مانگی رابردوو بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار و یۆرۆ چەند جارێک هەڵبەز و دابەزی کردووە. 8ـی حوزەیرانی 2022، یەک دۆلار بە 17.7 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەکرا، دواتر بەهای لیرە هەندێک بەرزبووەوە.
هۆکاری دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بەپێی بەشێک لە پسپۆڕانی ئابووری، بۆ لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی کە زۆرجار باس لە پێداگریی حکومەتەکەی لە دابەزاندنی سوودی بانکی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ