بەدواداچوونی رووداو؛ پارەی بەغدا بگات ئەم هەفتەیە لیستی مووچە رادەگەیێندرێت

05-05-2023
بەختیار قادر
بەختیار قادر
کارمەندێک لەکاتی وەرگرتنی مووچە
کارمەندێک لەکاتی وەرگرتنی مووچە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بانکەکان دەستیان بە دابەشکردنی مووچەی سەربازیی مانگی نیسانی 2023 کرد، بڕە پارەی مانگانەی هاوپەیمانان گەیشتووە و لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرت. بڕی 70 ملیار دیناری مانگی رابردووش لە بانکەکان ماوە. رووداو زانیویەتی ئەگەر پارە لە بەغداوە بگات، ئەم هەفتەیە لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە.
 
بەشێک لە بانکەکانی هەولێر بڕەپارەی پێویستیان بۆ مووچەی مانگی نیسان تێدایە، چاوەڕێی راگەیاندنی لیستی مووچەن بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکەن.
 
کەیفیە قاسم، جێگری بەڕێوەبەری بانکی زانکۆ بە رووداوی راگەیاند: "گرفتی کەمیی نەختینەمان نییە و پشتبەخوا لیستی مووچە رابگەیێندرێت، وەکو مانگەکانی دیکە مووچە دابەش دەکەین... بڕەپارەی پێویست هەیە و خشتەی مووچە رابگەیێندرێت، رۆژانە پارەی مووچە دابین دەکەین."
 
تاوەکو ئێستا 400 ملیارەکەی بەغدا نەگەیشتووە، داهاتی پاڵاوتنی نەوتی نێوخۆ و داهاتی نانەوتی پارەکانیان گەیشتووەتە بانکەکان. 
 
لە هەرێمی کوردستان 1 ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، بڕی 940 ملیار دینار مووچەی مانگانەیانە. 
 
لە 25ـی ئاداری ئەمساڵەوە هەناردی نەوت وەستاوە و داهاتی سفرە. داهاتی فرۆشتن و پاڵاوتنی نەوتی نێوخۆش زیاتر لە 230 ملیار دینارە. داهاتە نانەوتییەکانیش نزیکەی 220 ملیار دینارە و هاوکاریی مانگانەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە نزیکەی 30 ملیار دینارە. 
 
رووداو زانیویەتی ئەگەر بڕە پارەی بەغدا بگات، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی نیسان رادەگەیێندرێت، بەڵام رەنگە وەک مووچەی مانگی ئادار بەخێرایی دابەشنەکرێت و ژمارەیەک لە بانکەکان پارەی پێویستیان لە بەردەستدا نییە.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج سەرەتای ئەم هەفتەیە ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەولێر سیولەیەک ماوە لە بانک... بۆ ئاڵوگۆڕی رۆژانە پارە هەیە، بەڵام ئەو جموجووڵە لە سلێمانی نەماوە." 
 
تەواوی داهاتەکانی ئەم مانگەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 550 ملیار دینارە؛ کورتهێنان بڕی 390 ملیار دینار دەبێت تەنیا بۆ مووچەی مانگانەی مووچەخۆران. لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی لە مانگەکانی رابردوو تەنیا 21%ـی چووە بۆ مووچە و ئەوەی دیکەی بۆ بودجەی بەکاربردن بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە