رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیرى نەوت پێى راگەیاندوون کە لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەنەوە بۆ پارەدارکردنى بودجەى گشتى.
رۆژی 4ـی ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوت کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى پشکى ئەو وەزارەتە لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیدا.
خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرى نەوت پێى راگەیاندوون کە لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەنەوە و بڕى هەناردەى نەوتیان بەرزکردووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
بەگوێرەى ئامارى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بۆ مانگى نیسانى رابردوو، لەو مانگەدا رۆژانە لە بەسرەوە سێ ملیۆن و 288 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
خەلیل دۆسکى گوتى: "وەزیرى نەوت پێى راگەیاندین بەرزکردنەوەى ئاستى هەناردەى نەوت لە بەسرە بۆ قەرەبووکردنەوەى داهاتى بودجەیە لە فرۆشى نەوت و پرۆسەى قەرەبوو کردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بەسرەوە دەستیپێکردووە."
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵای عێراق دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، کە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا.
بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، مانگانە زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتى هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ