وەزیری نەوتی ئێران: بڕیارەکانی ترەمپ زیان بە بازاڕی وزە دەگەیێنن

05-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، نابێت ئاسایشی وزە لەلایەن ئەمریکاوە بەسیاسی بکرێت.
 
چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025 موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند "بڕیاری تاکلایانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران، دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی بازاڕی وزەی جیهان."
 
موحسین پاکنەژاد گوتی "پێویستە ئاسایشی وزە بە سیاسی نەکرێت، نابێت گوشار بخرێتە سەر رێکخراوی ئۆپێک، چونکە زیان بە بازرگانانی نەوت و بازاڕی وزەی جیهان دەگەینێت."
 
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەش دا "تاران ستراتیجیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا هەیە."
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆکرد.
 
ترەمپ، دوای واژۆکردنی فەرمانەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بەهیوام پێویست نەکات [رێکاری] زۆر بەکاربهێنم. دڵخۆش نیم بەمە، بەڵام راستییەکەی بژارەی زۆرم نییە، چونکە دەبێت بەهێز بین."
 
لەبارەی ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ترەمپ گوتی "سەیر دەکەین، بزانین دەتوانین رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین یان نا."
 
چین، گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە. ئێران ئێستا رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. 
 
هەرچەندە ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هیچ ئامارێکی هەناردەکردنی نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵام دامەزراوەکانی وزە دەڵێن، رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێرانەوە هەناردەی چین دەکرێت بە داشکانی 20٪ بۆ 30٪.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە