رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی تورکیا بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دیکە بەردەوامە؛ یەک دۆلار بە 27.40 لیرە مامەڵەی پێوە کرا.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 4ی ئابی 2023 هاوشێوەی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانییەکان دابەزی.
بەر لە کرانەوەی بۆرسە و بازاڕە داراییەکانی تورکیا، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 27.40 لیرە مامەڵەی پێوەکرا، دواتر بەهای لیرە کەمێک گەڕایەوە و یەک دۆلار بە 26.98 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات یەک یۆرۆ بە 30.29 لیرە مامەڵەی پێوەکرا و دواتر بەهای لیرە کەمێک گەڕایەوە بە 29.57 لیرە مامەڵەی پێوەکرا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا لیرەی تورکی زیاتر لە 30٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا لە 14ـی ئایاردا یەک دۆلار بە 19.60 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا؛ لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە 28ـی ئایار کرا، بۆ یەکەمینجار بەهای یەک دۆلار 20 لیرەی تێپەڕاند و دوای هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە 26ـی حوزەیراندا بەهای یەک دۆلار گەیشتە 26 لیرە.
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ـی تەممووزی 2023 رێژەی سوودی بانکی لە 15٪ بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە کاتێکدا ئابووریناسان پێشبینییان دەکرد بۆ 20٪ بەرز بکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بانکی ناوەندیی تورکیا ساڵی رابردوو چوار جار لەسەر یەک سوودی بانکی کەمکردەوە و لە کۆبوونەوەی شوباتی ئەمساڵیدا سوودی بانکی لە 9٪ بۆ 8.5٪ کەمکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ