زیانی 71 رۆژ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیار دۆلارە

04-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن نەوت هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

71 رۆژە هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان لەوە ماوەیەدا نزیکەی 2 ملیار دۆلار بووە،  سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراقیش دەڵێت "گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامن." 
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی 71 رۆژی رابردوودا، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان زیانی ملیارێک و 953 ملیۆن و 720 هەزار دۆلاری بە کوردستان و عێراق گەیاندووە. راگرتنەکە بەپێی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس بەهۆی سکاڵایەکی عێراقەوە لەدژی تورکیا هات.

زیانەکانی نەوتی کوردستان لەو ماوەیەدا بەمشێوەیە بوون:
 
زیانەکانی شەش رۆژی مانگی ئادار 
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە مانگی ئاداردا عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە 79 دۆلار فرۆشتووە، بەو پێیە لەو شەش رۆژەی ئەو مانگەدا هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکرد وەکو لە رەشنووسی بودجەدا هاتووە، رۆژانە بڕی 31 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووە، کە کۆی زیانەکانی لەو شەش رۆژەدا دەگاتە زیاتر لە 189 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی نیسان
 
بەدرێژایی مانگی نیسان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو. عێراق لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74 دۆلار فرۆشتووە، زیانەکانی رۆژانەی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە، کە لە مانگێکدا دەکاتە 880 ملیۆن دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی ئایار
 
لەمانگی ئایاردا، بەپێی داتاکانی رەشنووسی بودجە، دەبووایە هەرێمی کوردستان 12 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، لەو مانگەدا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، بەو پێیە هەرێمی کوردستان و عێراق  884 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار زیانیان لە ئەنجامی راگرتنی نەوتی کوردستان پێگەیشتووە.
 
بەگوێرەی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە نیوەی زیاتری داهاتەکانی لەدەستداوە، بۆیە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانیش دروست بووە، کە هێشتا بودجەی ساڵی 2023ـش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسندنەکراوە.

 

 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (1ـی حوزەیرانی 2023) حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ رادیۆی مەربەد، یەکێک لە رادیۆ لۆکاڵییەکانی پارێزگای بەسرە گوتی "بڕیارە لەماوەی 10 رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە."، بەڵام رۆژی یەکشەممە، 4-6-2023. سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێشتا دیارنییە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بەدیاریکراوی کەی دەستپێدەکاتەوە، بەڵام وتوێژەکان لەو پێناوەدا بەردەوامن".
 
عەلی جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی عێراق، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە بە رووداوی گوت "عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تورکیا لەبارەی وادەی دەستپێکردنەوەی نەوتەوە نەکراوە و، دیار نییە کەی دەستپێدەکاتەوە".
 
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "یاسای نەوت و گازی عێراق، کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند و پارێزگاکانیش چارەسەر دەکات، ئەو بابەتە ماوەیەکە بوەتە سەرچاوەی گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، لە رێگەی چەند لیژنەیەکی هونەریی-یاساییەوە، ئەو بابەتە چووەتە قۆناخی پێشکەوتوو و بڕیارە لە زووترین کاتدا تەواو بکرێت".
 
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای 71 رۆژ، هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.