مووچەی لیوا هاوبەشەکان لەکاتی خۆی دابەش ناکرێت

04-01-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 3ی ئەم مانگە، مووچەی لیوا هاوبەشەکان دابەشبکرێت، بەڵام تائێستا دابەشنەکراوە؛ وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، "بەهۆی حساباتی کۆتایی بانکەکانەوە ساڵانە دوایین مووچە چەند رۆژێک دوادەکەوێت." 
 
ئەمریکا مانگانە 20 بۆ 25 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دەنێرێت، ئەو پارەیەش بۆ 13 لیوایە و نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لێی سوودمەند دەبن. 
 
پێشتر رووداو زانیاریی لە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی داراییەوە وەرگرتبوو کە 3ی ئەم مانگە، مووچەی ئەو لیوا هاوبەشانە دابەشدەکرێت، بەڵام هەمان سەرچاوە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی ئەمریکا پارەکەی نەناردووە، هێشتا مووچەیان پێنەدراوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 04-01-2023، عەمید توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵانە لە حساباتی کۆتایی بانکەکاندا، ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە لە ئەمریکاوە بۆ لیوا هاوبەشەکان دێت، چەند رۆژێک دوادەکەوێت "ئەوە شتێکی ئاساییە، پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەیە و بە دڵنیایی مووچەکە دەدرێت." 
 
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە کە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت مووچە وەردەگرێت. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە